سەردێڕ:

دابەشکردن و بەکارهێنانی ڤاکسین لە هەرێم دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2021-03-03

3617 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، کە بڕیاردراوە بە بەکارهێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێم و لەمڕۆوە دەتوانرێت دەست بە بەکارهێنانی بکرێت.


وەزارەتی تەندروستی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "بڕیاری بەکارهێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، لەگەڵ دەرچوونی بڕوانامەی شیکاری و رێگەپێدانی بەکارهێنان و سەلامەتی وەرگرتن دەرچوو."

ئەوەش هاتووە، "وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بڕیاری دابەشکردن و پێدان و بەکارهێنانی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای دا کە لەلایەن سەنتەرەکانی وەرگرتنی پێکوتە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەرکرد و لە ئەمڕۆوە دەتواندرێت بەکاربهێنرێت وەکو قۆناغی یەکەم بۆ کوتانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت."

راشیگەیاندووە، "ڤاکسینی جۆری سینۆفاڕ (Sinopharm) ی چینی کە بەشێوەی بەخشین لەلایەن کۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە پلانی نیشتمانی و رێکارەکانی دەستنیشانکراو."

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی ١ی ئەم مانگە، یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە عێراق و بۆ رۆژی دواتریش بەشی هەرێمی کوردستان رەوانە کرا و گەیشتە هەولێر، هەر دوێنێ بۆ یەکەمجار لە عێراق ڤاکسینەکە بەکارهێندرا و وەک سەرەتاش درا لە کارمەندانی تەندروستی و ئەوەشی کە هەیە بەر کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانە دەکەوێت کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، حکومەتیش دەڵێت، لە هەوڵدان کە ڤاکسین بۆ سەرجەم هاوڵاتیان دابین بکەن.