سەردێڕ:

دژەتیرۆری کوردستان دانپێدانانی یەکێک لە تاوانبارانی هێرشەکەی هەولێری بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2021-03-03

10701 جار خوێندراوەتەوە

دژەتیرۆری کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی یەکێک لەو تاوانبارانەی بڵاوکردەوە کە لە هێرسە موشەکییەکەی شەوی ١٥ی شوباتی هەولێردا دەستی هەبووە، دژەتیرۆری کوردستان ئەو کەسەی بە "تاوانباری سەرەکی ناوبردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، دژەتیرۆری کوردستان دانپێدانانی یەکێک لە تاوانبارانی هێرشە موشەکییەکەی ١٥ی شوباتی هەولێری بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە موشەکەکان ژمارەیان ١٤ دانە بووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی بیانی و هاوڵاتیەکی عێراقی و برینداربوونی پێنج سەربازی ئەمریکی و دوو هاوڵاتیی سڤیل.

ئەوەش خراوەتەڕوو، پاش دەستکردن بە لێکۆڵینەوە ئەو ئۆتۆمبێلە کیایەی کە هەڵگری رووکێتەکان بوو، دۆزرایەوە و دەرکەوت چوار کەس ئەنجامدەری سەرەکیی هێرشە بوون، کە توانرا یەکێك لە ئەنجامدەرە سەرەکییەکانی هێرشەکە بەناوی (حەیدەر حەمزە عەباس مستەفا بەیاتی) دەستگیر بکرێت کە دانی بە تاوانەکەیدا نا باسی لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە کردووە و دواتریش ئەنجامدەرێکی دیکە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە دەستگیرکرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ئێستادا دوو تاوانباری دیکەش ماون کە هەوڵ و بەدواداچوونەکان بەردەوامن لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ دەستگیرکردنیان، لەبەر ئەم هۆکارەش لە دانپێدانانەکانی (حەیدەر حەمزە  بەیاتی) ناوی ئەنجامدەرانی دیکە، لادراوە و ئاشکرا نەکراوە.

شەوی ١٥ی مانگی شوباتی ئەمساڵ، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس برینداربوون و دوو کەس گیانیان لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و زوو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان کرد.

لەدوای رووداوەکەش، گروپێک بە ناوی 'سرایا أولیاء الدم'، کە بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکییەکەی هەولێریان لە ئەستۆگرت لە راگەیەنراوێکدا باسیان لەوەکرد، "ویستمان بە هەندێک لە سیاسییەکانی کوردی بڵێین، کە رێگای هەڵەتان گرتووە و ئەگەر راستی نەکەنەوە، ئەوە ئێمە بەو موشەکانە راستتان دەکەینەوە کە لە هەرێم و بە تایبەت لە هەولێر خەزنمان کردوون."

لەلایەکی تریشەوە، وەزیری بەرگری ئەمریکا ئیدانەی هێرشەکانی سەر شاری هەولێری کرد و رایگەیاند، "ئێمە لە پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبین تا بەرگری لە سەروەری خاکی خۆیان بکەن."

لای خۆشییەوە، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی رایگەیاندبوو، "هەماهەنگی بەغدا و هەولێر بۆ رادەستکردنی تۆمەتباران بە دادگا گرنگە."

لای خۆشییەوە، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا مافی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی هەیە.

رۆژی ٢٦ی مانگی رابردووش، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ، فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری نزیك لە ئێرانی کە لە عێراقەوە هاتبوون لە سنوری سوریا- عێراق کردووە و لە ئەنجامدا ١٧ چەکدار کوژراون، هاوکات کۆشکی سپی رایگەیاند، کە ئەو هێرشە لە وەڵامی هێرشەکەی سەر هەولێردا بووە.






‌بەپەلە