سەردێڕ:

سعودیە مەرجێک بۆ ئەو کەسانە دادەنێت کە بەنیازن حەج بکەن

فۆتۆ: 
2021-03-02

5692 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی سعودیە ئاشکرای کرد، وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا مەرجی بنەڕەتییە بۆ هەرکەسێک بەنیازە فەریزەی حەج ئەنجامبدات.


رۆژنامەی عەکازی سعودی لە زاری تۆفیق رەبیعە وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، وەزارەتەکەیان داوایکردووە پێش هاتنی وەرزی حەج بۆ ساڵی ٢٠٢١ هێزی کار و تیمی تەندروستی لە شاری مەککە و مەدینە و دەروازەکانیان و ئەو شوێنانەی حاجیان لە مەراسیمی حەجدا سەردانیان دەکەن ئامادە بکرێن و بخرێنە کار.

راشیگەیاند، هەرکەس بەنیازە بەشداری لە بەجێهێنانی فەریزەی حەجدا بکات دەبێت ڤاکسینی دژە کۆرۆنای وەرگرتبێت، چونکە مەرجێکی بنەڕەتییە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا.

دەشڵێت، دەبێت لیژنەی ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا بەشداری لە وەرزی حەج و عەمرەدا بکەن و ئامادەییان هەبێت.

پێشتر، کامەران عەلی بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی سلێمانی رایگەیاند، ئەو گرێبەستانەی بۆ حەج و عەمرە لە نێوان کۆمپانیاکانی هەرێم و وڵاتی سعودیە واژۆکرابوون هەڵوەشێندراونەتەوە. هاوکات، هیچ کۆمپانیایەکیش نە لە عێراق و نە لە هەرێم ڤیزایان وەرنەگرتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی توندترکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و گرانی تێچوونی حەج و عەمرەوە و ماوەی کەمی مانەوەی حاجیان و عەمرەکاران لە شاری مەکە و مەدینە و شوێنە پیرۆزەکان، خەڵکی بەگشتی خواستی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو مەراسیمانە کەمبووەتەوە و تا ئێستاش هیچ کۆمپانیەک نەهاتوونەتە لامان تا رێکارە یاساییەکانیان تەواوبکەن و کارەکانیان بۆ ڕایبکرێت و ئامادەکاری بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەنجامدانی فەریزەی حەج راگیراوە، ئەگەرچی سعودییە ساڵی رابردوو رێگەیدا هاوڵاتیانی وڵاتەکەی بە رێژەیەکی دیاری کراو و بە گرتنەبەری رێکارە خۆپارێزییەکان هەردوو مەراسیمی حەج و عەمرە ئەنجامبدەن.