سەردێڕ:

گفتوگۆکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بارەی کێشەی ئاوەوە بەردەوامە

فۆتۆ: 
2021-03-02

636 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سەرچاو ئاوییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، بەردەوامن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی روون و راشکاو بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە ئاوەی پێویستە بگاتە سنوری نێوان عێراق- تورکیا، دەشڵێت، پێویستە لەگەڵ سوریاشدا رێککەوتن بکەین.


عەون زیاب وتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباحی فەرمی رایگەیاند، رێککەوتنەکەی پێشوو لەبارەی روباری فوڕاتەوە بە بەردانەوەی ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا وەک کەمترین ئاست لەسەر سنوری تورکی – سوری بەردەوامە و کاری پێدەکرێت.

راشیگەیاند، ئەو بڕە ئاوە بە رێککەوتنی نێوان عێراق و سوریا دابەشکراوە و بڕی  ٥٨% بۆ عێراق و ٤٢% بۆ سوریایە بۆ ئەوەی بڕی ٢٩٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بگاتە ناوچەی حەسەیبە.

ئاماژەی بەوەدا، بەردانەوەی ئاو لە روباری فورات تا ئێستاش باشە، بەڵام ئەمە بەردەوام نابێت، چونکە دۆخی سیاسی و ئابوری و کشتوکاڵی سوریا جێگیر نییە.

هاوکات، باسی لەوەشکرد، کۆبوونەوەکانی نێوان وەزیرانی سەرچاوە ئاوییەکانی تورکیا و عێراق تەنها پەیامێک نیە کە هەردوو وڵات لەسەر ئاستی وەزارەتەکان دەیانەوێت چارەسەرێکی گرنگ بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، بەڵکو ئەمە خواستی خودی سەرۆکانی هەردوو وڵاتیشە.

دەشڵێت، عێراق پێشنیازی دامەزراندنی سەنتەرێکی توێژینەوەی هاوبەشی عێراقی – تورکی کردووە و ئەم پێشنیازەشیان لە رێگەی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بەو وڵاتە راگەیاندووە.