سەردێڕ:

ئەندەرپاسی بارزان لە دهۆک دەکرێتەوە

فۆتۆ: 
2021-03-01

3032 جار خوێندراوەتەوە

سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی پارێزگای دهۆك رایگەیاند، سبەی سێشەممە، لەکۆی درووستکردنی پێنج ئەندەرپاس لە ناوەندی شاری دهۆک، دووەم ئەندەرپاس بەناوی ئەندەرپاسی "بارزان" لە ناوەندی پارێزگاکە دەکرێتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، كانیوار جبرائیل سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی پارێزگای دهۆك بۆماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکردووە، سبەی سێشەممە بڕیارە شەقامی سەرەكیی ئەندەرپاسی "بارزان" بە تەواوی بە رووی هاوڵاتیاندا بكرێتەوە، كە دوو ترافیك لایت لە خۆدەگرێت لە نزیك پاركی شەهیدان‌.

كانیوار جبرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆژەكە پاكێجێكی پێنج پڕۆژەییە، كە ئەندەرپاسی شەهیدان، شەقامێكی كەمەری لە باشوری شەقامی بارزان و نزاركێ و ئەندەرپاسی نزیك فەرماندەیی دهۆك تەواو بووە و ئێستاش ئەندەرپاسی بارزان تەواو بووە.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی پارێزگای دهۆك لەبارەی تێچووی پرۆژەکەوە ئەوەی خستەڕوو، كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكە، ٦٨ ملیار دیناری عێراقییە و ماوەی تەواوكردنی پڕۆژەكەش ٩٦٠ رۆژە،‌ واتا دوو ساڵ و هەشت مانگ.

جبرائیل وتیشی، بە شێوەیەكی گشتی پڕۆژەكە %٩٠ی لە پڕۆژەی پێنج پاكێجییەكە كارەكانی تەواو بووە، كە ساڵێك و نزیكەی هەشت مانگە كاری تێدا دەكەن، هاوکات پێویستە لە ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگ پڕۆژەكە تەواو بكرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای كردنەوەی ئەم پاكێجە لە پڕۆژەكە، لە پرۆژەی پێنجەم دەست بە كار دەكرێت، كە بەرزەپردی سەفینە لە نزیك قوتابخانەی سەفین.