سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری گرنگ لەسەر تمەن لە بازاڕەکانى کوردستان بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2021-03-01

8836 جار خوێندراوەتەوە

ئەمجارەیان، تیمى رۆژنامەوانى ئێن ئاڕ تى بابەتێکى گرنگ و پەیوەست بە ژیانى خەڵک دەخاتەڕوو، ئەویش راست و دروستى تمەنى ئێرانییە لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستاندا و چۆنێتی کاریگەریی ئاڵوگۆڕى تمەن لەسەر خەڵک و بازاڕ.


بەپێی سۆراخەکان، رۆژانە لە بازاڕەکانى کوردستاندا، نزیکەى ٢٠٠ ملیار تمەن مامەڵەى پێوەدەکرێت، کە بەشێکى زۆرى مامەڵەکە لە بازاڕى دۆلارەکەى شارى سلێمانیە و رۆژانە دەگاتە ١٠٠ ملیار تمەن.

بۆ ئێن ئاڕ تى دەرکەوتووە، ئەو تمەنەی دێتە بازاڕەکانی هەرێمەوە هیچ پاڵپشتییەکی ئابوری نییە و هیچ بڕە زێڕ یاخود ئابورییەکی بەهێزی لە پشتەوە نییە، وە ئێران هیچ شتێکی وەهای نییە تاوەکو هاوشێوەى وڵاتانی پیشەسازیی هەناردەی بکات و لە بەرامبەردا دراوی قورس و دراوی بیانی بهێنێتەوە ناو وڵاتەکەی، بەڵکو ئێران پێویستی بە دراوی بیانییە تاوەکو لە دەرەوەی وڵات پێداویستى پێبکڕێت.

بەپێی سۆراخەکانی تیمە رۆژنامەوانییەکە، ئەو تمەنەی دێتە بازاڕەکانی کوردستان تەنها کاغەزە و ئێران بەدەر لە رێنماییەکانى سندوقى دراوى نێودەوڵەتى چاپی دەکات، تەنانەت دەتوانرێت بە ئاسانى ئەو تمەنە ساختەبکرێت، واتا ئێران بە کاغەزی چاپ، رۆژانە ملیۆنان دۆلار و پارەی قورس و بیانی لە هەرێم و عێراق دەباتەوە وڵاتەکەى خۆى.

جگە لەوەش ئێران بە ویست و ئارەزووى خۆى بەرز و نزمى بە تمەنەوە دەکات و هەر کاتێک بیەوێت نرخەکەى بەرز دەکاتەوە.

ئەوەى لە ماوەى چەندین مانگى رابردوو روویداوە ئەوەیە، بەشێکى زۆرى خەڵک و کاسبکاران بەهۆى تمەنەوە، زیانێکى زۆریان کردووە، چونکە خەڵک دۆلار و پارەی بیانی بڕواپێکراو دەدەنە پارچە کاغەزێک کە لەناو خودی ئێراندا چاپ دەکرێت.

بەپێی زانیارییکان، لە ئێستادا سێ جۆر ئاڵوگۆڕى تمەن هەیە. یەکەم، بەشێوەى کاش، واتا گۆڕینەوەی تمەنەکە بەرامبەر بە دۆلار یان دینار. دووەم، حەواڵەکردن، بەرامبەر کاڵا یان هەر شتێکى دیکە. سێیەم، مامەڵەى هەوایی، واتا کڕینى تمەن بە نرخى ئەو رۆژە و فرۆشتنەوەى بۆ کاتێکى دیکە.

بەپێی سۆراخەکانى تیمە رۆژنامەنوسیەکەى ئێن ئاڕ تى، دەرکەوت کە بەشێک لە هاوڵاتیان لە رابردوودا زەرەریان لەم کارە کردووە بەو هۆیەی تمەنیان بە نرخێکی گران کڕیوە و دواتر بەهای تمەنەکە زۆر دابەزیوە و شکاوە.