سەردێڕ:

ئایا پێش نەورۆز موچەیەکی دیکە دابەشدەکرێت؟

فۆتۆ: 
2021-03-01

113523 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەو داهاتەی لە بەردەستیدایە هەموو ٢٥ی مانگێک موچەی فەرمانبەران دابەشبکات، لە ئێستادا بەشێک لە هاوڵاتیان پرسیاری ئەوە دەکەن، کە ئایا حکومەت بۆ ئەم مانگە و بەر لە یادی نەورۆز، موچەیەکی دیکە دابەشدەکات؟


سەبارەت بەو پرسە، سەرچاوەیەکی ناو وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ ئێن ئاڕ تی ئاشکرایکرد، کە تاوەکو ئەم ساتە، حکومەت بەنیازنییە بەر لە یادی نەورۆز موچەی مانگی ئازار دابەشبکات و ئەوەشی بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە.

ئەو سەرچاوەیە بەبێ ئاشکراکردنی ئەوەی کە ئایا بەر لە نەورۆز حکومەت توانای دابەشکردنی موچەی هەیە یان نا؟ وتی، یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لەوەی، حکومەت نایەوێت ئەو سیستمە تێکبدات کە ئێستا کاریپێدەکات و تیایدا بڕیاریداوە هەموو ٢٥ی مانگێک موچەی فەرمانبەران دابەشبکات.

وتیشی، هۆکاری دووەمیان ئەوەیە، حکومەتی هەرێم نایەوێت لەبەر دابەشکردنی موچە و وەرگرتنی لەلایەن فەرمانبەرانەوە، قەرەباڵغی و تێکەڵیی دروستببێت، بەتایبەت کە ئەم رۆژانە وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دۆخی کۆرۆناوە هۆشداریدەدات.

ئەمە لەکاتێکدایە، جگە لەوەی حکومەت موچەی دەیان مانگی ساڵانی پێشووی فەرمانبەرەکانی قەرزارە، هاوکات تەنیا پێنج موچەی ساڵی رابردوویشی بە لێبڕینەوە دابەشکردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، حکومەت بڕیاریداوە هەموو ٢٥ی مانگێک موچە بە لێبڕینەوە دابەشبکات و تا ئێستا دووجار ئەوەی ئەنجامداوە، بەڵام نازانرێت ئایا لە ئەگەری رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا، تاوەکو کەی دەتوانێت بەردەوامبێت لە بڕیارەکەی.

هێرش قادر - هەولێر