قائیمقامی شنگال لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاشکرایکرد، رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە شنگال تا ئیستا نەچووەتە بواری جیبەجێکردنەوە، "هۆکارەکەشی هێزە نا نیزامییەکانی وەک پەکەکە و هیزەکانی حەشدی شەعبیە."
مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پێویستە ئەو هێزانە لە شنگال بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی بگەڕێتەوە شارەکە و دەشڵێت، "هۆکاری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لە شنگال هێزە نا نیزامییەکانی وەک پەکەکە و هیزەکانی حەشدی شەعبیە."
پێشتر، لە ٩ی تشرینی یەکەم لەبارەی پرسی شەنگال و ئاسایکردنەوەی دۆخی شارەکەوە حکومەتی هەرێم و ناوەند بە ئامادەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان رێککەوتن.
هاوکات، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم بە میدیاکانی پارتی راگەیاندبوو، "بە ئامادەبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی باشکراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی، سەربازی و ئیداریی شنگال."
راشیگەیاند، "هەردوولا ئامانجمان ئەوەیە رەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."
لەلایەن خۆیەوە وتەبێژی پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا ئەوەی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی شنگال رێککەوتوون، باسی لەوەشکرد، "رێککەوتنێکی مێژوویی لەبارەی شنگالەوە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا ئەنجام دراوە، کە رێککەوتنەکە کۆتایی بە دەسەڵاتی گروپەکان لە ناوچەکە دەهێنێت و رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکەکەی."
دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤دا داعش دەستی بەسەر شەنگالدا گرت، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئێزدی شارەکە کۆمەڵکوژکران و زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئاوارەبوون.
سەرباری ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ دا شەنگال لەداعش پاککرایەوە، بەڵام بەهۆی بوونی چەندین هێزی چەکدارییەوە تائێستا دۆخەکەی ئاسایی نەبووەتەوە و بەشێکی زۆری ئاوارەکانیشی نەگەڕاونەتەوە.