سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: دەستگیرکردنی چالاکوانانی بادینان سیاسییە

فۆتۆ: 
2021-03-01

2342 جار خوێندراوەتەوە

کاروان گەزنەی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، دەستگیرکردنی کۆمەڵێک چالاکوانانی بادینان سیاسییە و داواکارن لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە هەوڵێکی جددی بدەن، کە ئازادی رادەربڕین رێزی لێبگیرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنی ژمارە یەکی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو کەتێیدا سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر چەند پرسێک پێشنیازو بۆچونیان خستەڕوو.

هاوکات، پێشتردا، دادگای تاوانی هه‌ولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێکی نادادپەروەرانەی دەزانن.

هەر لەوبارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی راگیراوەکانی بادینان دوابڕیار نییە، وتیشی، "هیچ کەس و لایەنێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە."

 

رۆژی ١٩ی ئەم مانگەش، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانیان کردووە. راشیگەیاند، پێشتریش لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوە گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە و لە داهاتووشدا دەیکەن.

لە پاش پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوا لە هەموو لایەک دەکات کە "رێز" لە سیستمی دادوەریی هەرێمی کوردستان بگرن.

رۆژی ٢٨ی ئەم مانگەش، هاوسەری رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "کاتێک بۆ یەکەمجار بۆ پێنج خولەک سەردانی شێروانم کرد دواتر لێی پرسیم ئەوکاتەی لای من رۆیشتیت هیچ هەڕەشەیەکت لێکراوە پێم وت، نەخێر ئێستا تێدەگەم بۆ لێی پرسیم چونکە هەڕەشەیان بەمن لێکردبوو تا بەزۆر دانپێدانانی پێ واژۆبکەن."

دوێنێش، بەشدار حەسەن پارێزەری شێروان شێروانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شێروان شێروانی بردراوەتە بنکەی پۆلیس بۆ ئیفادە لێوەرگرتن لەسەر سکاڵایەکی ئاسایشی هەولێر، کە گوایە لە رۆژی دادگاییکردنەکەیدا تەشهیری بە ئاسایش کردووە.