سەردێڕ:

هەڤاڵ ئەبوبەکر وادەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ سلێمانی ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2021-03-01

4791 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە هەرێمی کوردستان، کە پشکی هەرێم لە ڤاکسینەکەدا بڕی ١١٠ هەزار ژەمە.


لەو بارەیەشەوە، هێرش سەلیم جێگری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ڤاکسینەکە سەرەتا بۆ کارمەند و دەزگاکانی تەندروستی بەکاردەهێنرێت و دواتریش بۆ کەسانی نەخۆشی درێژخایەن و ئەو نەخۆشانەی بەپەلەن بە کاردەهێنرێت.

پێشتر، ره‌هێڵ فه‌ره‌یدوون بریکاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هەرێم رایگەیاند، بڕیاره‌ رێژه‌یه‌كی زۆر ڤاکسین بێته‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ سه‌ره‌تا به‌و كه‌سانه‌ ده‌درێت كه‌ له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ن.

ئاشکرای کرد، "ژمارەیەک بڕیاری لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا وەک پێویست جێبەجێنەکراون، بەتایبەتی هاتنی بە لێشاوی گەشتیاران."

لەلایەکی دیکەشەوە، خالس قادر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، "پشکی هەرێم لە کاروانی یەکەمی ڤاکسینە چینیەکەدا، ٣٠٠ هەزار ژەمە و سەرەتا دەدرێت بەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و ئەوانەی بەرگریان لاوازە و کارمەندانی ئەمنی و دواتر هەموو هاوڵاتیان".

هاوكات، دوو رۆژ لەمەو بەر وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ ڤاکسینی کۆرۆنای فایزەر بگاتە بەغدا، بەڵام کۆمپانیاکە لە پەیامێکدا داوای لێکردون یاسایەک دەربکەن بۆ پاراستنی کۆمپانیاکە لە بەرپرسیارێتی و قەرەبووکردنەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمى کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە تا ئێستا، ١٠٨ هەزار و ٩٥٤ کەس لە هەرێمی کوردستان توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. لەو ژمارەیەش، ١٠٣ هەزار و ٥١٤ کەس چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و ٥١٩ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.