سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی: لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی زیاتر لە ١١٦ هەزار دۆلار لە ٣٣ نەخۆش وەرگیراوە

فۆتۆ: 
2021-03-01

2723 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، لە یەک نەخۆشخانەی ئەهلی دەرکەوتووە پارەی زیادە لە ٣٣ نەخۆش وەرگیراوە، کە دەکاتە بڕی زیاتر لە ١١٦ هەزار دۆلار بەرامبەر بە ١٦٩ ملیۆن دینار، کە لە ئەمڕۆوە بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێندرێتەوه.


ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتەکەیان پێکهێنرا بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی لە نەخۆشانی کۆرۆنا وەرگیراوە لەلایەن نەخۆشخانە ئەهلییەکان بە جۆرێک، کە پارەی زیاتریان لێوەرگیراوە لەو بڕەی، کە ئەوان دیارییان کردبوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەزارەتی تەندروستی بە دوو قۆناغ بڕیاریدا نەخۆشخانە ئەهلییەکان داشکان بکەن بۆ تووشبووانی کۆرۆنا سەرەتا داشکان بەڕێژەی ٢٥٪ و دواتر بەڕێژەی ٥٠٪.

ئاسۆ حەوێزی دەشڵێت، "هەندێک نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەکان خەرجی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیه لیژنەکە سەردانی هەموو نەخۆشخانەکان دەکات."

باسی لەوەشکردووە، تەنها لە یەک نەخۆشخانەی ئەهلی دەرکەوتووە پارەی زیادە لە ٣٣ نەخۆش وەرگیراوە، کە دەکاتە بڕی زیاتر لە ١١٦ هەزار دۆلار بەرامبەر بە ١٦٩ ملیۆن دینار، کە لە ئەمڕۆوە بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێندرێتەوه.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکە بەردەوامە لە پێداچوونەوەی هەموو نەخۆشخانەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایانە دەکەن كە لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەیە، هەر نەخۆشخانەیەک سەرپێچی کردبێت و پارەی زیادەی وەرگرتبێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەخۆش بە خاوەن مافەکان.