سەردێڕ:

سبەینێ یادێک بۆ قادری حاجی عەلی بەڕێوەدەچێت

فۆتۆ: 
2021-02-28

3607 جار خوێندراوەتەوە

عەتا حاجی عەلی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە سبەینێ دووشەممە، یادێک بۆ قادری حاجی عەلی بەڕێوەدەچێت.


عەتا حاجی عەلی برای قادری حاجی عەلییە و لەبارەی یادەکەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کە لە یادەکەدا ژیان و خەباتی قادری حاجی عەلی دەخرێتەڕوو و چەند مەراسیمێکی دیکەشی تێدا دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کە یادەکە لە کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆدا دەبێت لە تەلاری هونەر و تێیدا هاتن بۆ هەمووانە.

لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا، دوای ماوەیەک لە مانەوە لە نەخۆشخانە و ململانێ لەگەڵ کۆرۆنادا، سیاسەتمەداری کورد و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان قادری حاجی عەلی لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 

قادری حاجی عەلی لە ساڵی ١٩٥٥ لە بنەماڵەیەکی ناسراوی سلێمانی لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩٧٢دا بووە ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان.

لە هەشتاکاندا سەرپەرشتى مەکتەبى رێکخستنى کۆمەڵەى رەنجدەرانى کردووە و لە دواى راپەڕین و لە کۆنگرەى یەکەمى یەکێتیدا بووە ئەندامى مەکتەبى سیاسیى.

قادری حاجی عەلی لە ساڵى ١٩٩٤ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی دەزگای زانیاری یەکێتى، تا کۆتایى نەوەدەکان کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى یەکێتی بووە و ساڵى ٢٠٠١ لە کۆنگرەى دووەمى ئەو حزبەدا خۆى کاندید نەکردووەتەوە.

ساڵى ٢٠٠٦ قادری حاجى عەلى لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کۆمپانیاى وشەیان دامەزراند و لە ساڵى ٢٠٠٩دا  بزووتنەوەى گۆڕانیان دامەزراند.