سەردێڕ:

بەهۆی خوانێکەوە؛ وەزیری ناوخۆ و دادی ئوردون لەسەرکار لادران

فۆتۆ: 
2021-02-28

5602 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕە جیهانیەکان بڵاویانکردەوە، بەهۆی سەرپێچی رێکارەکانی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و خوانێکەوە، شای ئوردون داوای لە وەزیری ناوخۆ و دادی ئەو وڵاتەکردووە دەستلەکاربکێشنەوە و داوای لە دوو وەزیری دیکەش کردووە، کە کارەکانیان رایی بکەن و شوێنیان بگرنەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ماڵپەڕە جیهانیەکان بڵاویانکردەوە، ئیدارەی شای ئوردون داوای لە بەسام سەمیر تەلهونی، وەزیری داد و سەمیر ئیبراهیم موبیزین، وەزیری ناوخۆ کردووە دەستلەکاربکێشنەوە، ئەوەشخراوەتەڕوو، بەشیر خەسوانە، سەرۆکوەزیرانی ئوردون، بەهۆی سەرپێچی رێکارەکانی روبەڕوبوونەوەی کۆرۆناوە ئەو داوایەی لەو دوو وەزیرە کردووە

ئاماژە بەوەشدراوە، هەردوو وەزیرەکە رێکارەکانی دژە بە کۆرۆنایان شکاندووە و لە چێشتخانەیەکدا ژەمە خواردنێکیان رێکخستووە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکییان کۆکردووەتەوە، هاوکات، هەر ئەمڕۆ، دوای پێشکەشکردنی دەستەلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆ و داد، ئیدارەی شای ئوردون هەردوو وەزیرەکەی لە کارەکانیان بەخشین.

ئیدارەی شا رایگەیاند، تۆفیق مەحمود کریشان، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەحمەد نوری زیادات، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری یاسایی بۆ کاروبارەکانی وەزارەتی داد راسپێردراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین بڵاوبووەوە و لە ماوەی سێ مانگیشدا تەواوی جیهانی گرتەوە، لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا رێکاری قەدەغەی هاتوچۆ و تەندروستی لە چەندین وڵاتدا گیراونەتەبەر، کە لە بەشێکی وڵاتاندا هێشتا قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوامە و ماوە بە ماوە لە چەند وڵاتێکی دیکەشدا جێبەجێدەکرێت، سەرەڕای بەردەوامی رێکارە تەندروستییەکان.