سەردێڕ:

بەرپرسێکی پارتی یەکێتی بە دزینی ماڵ و موڵکی کەرکوکیەکان تۆمەتبار دەکات

فۆتۆ: 
2021-02-28

11091 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، لەو سنورەی وەستا رەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کاتی شەڕی داعشدا بەرپرسی بووە لە کەرکوک، موڵک و ماڵی گوندەکان دزراون. لە بەرامبەردا، وەستا رەسوڵ دەڵێت، "پێمسەیرە بەحیساب دکتۆرات ھەبێت و درۆی وا شاخدار بۆ ئێمە هەڵبەستیت".


لە چاوپێکەوتنێکیدا، ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەکردووە، کە لەو سنورەی وەستا رەسوڵ لە کاتی شەڕی داعشدا بەرپرسی بووە لە کەرکوک و داقوق، "پێشمەرگە بەکوشت دەدران و دواتر عامود و تراکتۆری گوندەکان دەدزران".

لە بەرامبەردا، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "لە بێخەبەران کەشکەک سەڵاوات". دەشڵێت، "من بۆ یەک رۆژیش لە سنوری داقوق بەرپرسی میحوەری ھێزی پێشمەرگە نەبووم، پێمسەیرە بەحیساب دکتۆرات ھەبێت و درۆی وا شاخدار بۆ ئێمە هەڵبەستیت".

وەستا رەسوڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بۆ ئەو و ھەموو لایەکی رووندەکاتەوە، قسەکانی دوورن لە راستی و بێ بنەمان.

ئەوەش دەڵێت، "من لێپرسراوی میحوەری باشوری کەرکوک بووم نەک داقوق ھەر کارێکی ناڕەوا لە سنوری ھێزەکانی لای ئێمە روویدابێت، ئەوا ئامادەین بچینە بەردەمی دادگا و بەپێچەوانەوە، دەبێت شاخەوان عەبدوڵا باجەکەی بدات".

ئەمە یەکەمجار نییە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی یەکتری بە "دزیی و گەندەڵیی و خیانەت" تۆمەتباربکەن، ئەم بابەتانە زوو زوو دووبارەدەبنەوە بەجۆرێک، تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی دیاری ئەو دوو حزبە لەسەر تۆمەتبارکردنیان سکاڵایان لەسەر یەکتری تۆمارنەکردووە.






‌بەپەلە