سەردێڕ:

تا ئێستا ئەم شوێنە موچەی وەرنەگرتووە

فۆتۆ: 
2021-02-28

37890 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە لیوا هاوبەشەکانى وەزارەتی پێشمەرگە بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو رۆژى پێنجشەممەى رابردوو، سێ موچە بە یەکەوە و بێ لێبڕین وەربگرن، بەڵام تا ئێستا ئەو موچانەیان پێنەدراوە، لەوبارەیەوە، جێگرى سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگەش بە ئێن ئاڕ تى راگەیاندبوو، "کێشەکە پەیوەندی بە بانکەوە هەیە."


ئەو چاوگە ئاماژەى بەوەشکرد، دەنگۆیەک هەیە، کە لەسەر ئەو پسوڵەیەى موچەکەى پێوەردەگرن هەر بڕە پارەیەک نوسرابێت پێشمەرگەکان بۆیان نییە رەتیبکەنەوە و ئەوانیش ترسى لێبڕینى بەشێک لە موچەکانیان هەیە.

لەوبارەیەوە، دوێنێ، قارەمان کەمال جێگرى سوپاسالارى وەزارەتى پێشمەرگە بە ئێن ئاڕتى راگەیاند، بەپێی زانیارییەکانى ئەو کێشەکە پەیوەندى بە بانکەوە هەیە، کە تا ئێستا رەزامەندیان نیشان نەداوە بۆ خەرجکردنى چەکى موچەکان.

قارەمان کەمال باسى لەوەشکرد، نەک هەر لیواکانى سەر بە وەزارەت، بەڵکو هێزەکانى ٨٠ش، کە لە بانکەکانى هەولێر موچە وەردەگرن، موچەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا هێزەکانى یەکەى ٧٠ لە سلێمانى موچەیان وەرگرتووە، هاوکات، ناوبراو دەنگۆى لێبڕینى بەشێک لە موچەى لیوا هاوبەشەکانیشى رەتکردەوە.

 

بەپێی خشتەى دابەشکردنى موچە، کە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بڵاوکراوەتەوە، دەبوایە رۆژى ٢٥ى ئەم مانگە موچەى وەزارەتى پێشمەرگە دابەشبکرایە و لیوا هاوبەشەکانى سەربە وەزارەتیش سێ موچە بەیەکەوە و بە بێ لێبڕین وەربگرن، کە پارەکە لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراوە.







‌بەپەلە