سەردێڕ:

ئەو مامۆستایەی وتی بە قۆپی دەرچووم: ھەزاران منداڵی شارەکەمم پێگەیاندووە

فۆتۆ: 
2021-02-28

82987 جار خوێندراوەتەوە

ئەو مامۆستایەی وتی بە قۆپی دەرچووم و ماوەی دوو رۆژیشە ئەو وتەیەی دەنگدانەوەیەکی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا لێکەوتووەتەوە و داوای لێپێچینەوەی دەکرێت، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، "بەروونی رایدەگەیەنم کە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە"، دەشڵێت، "لە بەرنامەکەدا وەک گاڵتە باس لە قۆپیکردن کراوە."


ئەو مامۆستایە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ئێستادا من خۆم یەکێکم لەو راھێنەرانەی کە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندووە و پەروەردەیەکی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایک و باوکیان."

 

دەقی روونکردنەوەکە:

ھاوڵاتیانی کوردستان، پەروەردەکاران، میدیاکاران و مامۆستایانی بەڕێز.

بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوە بدەم دەربارەی بابەتێک لەسەر من دوای بەشداریکردنم لە بەرنامەی ١٠٠ پرس کە بەرنامەیەکی تەواو تەرفیھییە لە کەناڵی ئاسمانی ئاڤا ئینتەرتەیمێنت.

لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەکی گەمە ئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ (کە ستایلی بەرنامەکە وا دەخوازێت) باسی قۆپیەکردن لە کاتی تاقیکردنەوە کرا، بەڵام بە شێوەکی فراوان، رەنگە پلان بۆ داڕێژراو و دوور لە ھەر بەھایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی کەسایەتی ئێمە لە سۆشیاڵ میدیا دەستکراوە بە ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتیمان.

لە کاتێکدا بە ڕوونی رایدەگەیەنم کە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە بە تایبەت کە لە ئێستادا من خۆم یەکێکم لەو ڕاھێنەرانەی کە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندووە و پەروەردەیەکی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایک و باوکیان.

ھەر بۆیە زیاتر لە جارێک بەشداریان بە منداڵەکانیان کردۆتەوە لە خول و چالاکییەکانماندا.

ئەمە جگە لەوەی سەدان سیمینار و چالاکیمان ئەنجامداوە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی و شا رێگای ڕاستی زانست و زانیاری و ھەوڵ و کۆششدانمان بۆ ئامادەبووان خستۆتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەش ھێشتا خۆمان بە قوتابی دەزانین و لە ھەوڵ و گەڕان بۆ زانست و خۆ پەروەردەکردن نەوەستاوین و پێمان وایە تازە لەسەرەتای رێگەداین بۆیە بەردەوام لە کۆرس و خولی فێرکاری بەشدار دەبین.

لە کۆتاییدا جگە لەوەی دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە ئێمە ھەرگیز بانگەشە بۆ ھیچ جۆرە کارێکی ساختە و نا دروست ناکەین، چ جای لە بواری پەروەردە و فێرکردن کە خۆمان لە کایەکەداین ھەم وەک قوتابی، ھەم وەک پەروەردەکار، دڵنیایی دەدەین کە بەردەوام دەبین لەسەر کاری خۆمان و درێژە بە کاروانی پەروەردەیی دەدەین و کوالیتی باشتر و خزمەتی زیاتر بە بەشداربووانمان دەکەین و لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە ناوەستین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، کە تیایدا مامۆستایەک باس لەوەدەکات، هیچ کات پێویستى بە کۆشش کردن نەبووە هەر بە قۆپییەکردن قۆناغەکانى خوێندنى بڕیوە، نەک هەرئەوەش، بەڵکو وردەکاریی گزییەکەى دەخاتەڕوو چۆن کردوویەتى و چ کەرەسەیەکى بەکارهێناوە، کە ئەوەش کاردانەوەى لێکەوتەوە و بەشێک رەخنەى توندیان لەو مامۆستایە گرت کە چۆن بەو شێوەیە پێگەیشتوە و ئێستا چۆن دەیەوێت منداڵى خەڵکى پەروەردە بکات.

لە بەرامبەردا، هەندێک ئەم وتانەى ئەو وەک ئازادى رادەربڕین لێکدەکەنەوە و بەشێکیش پێیانوایە، ئەو تەنها نییە لەوەى کە بە ناشایستەیی بروانامەى بەدەستهێنابێت و هەندێک لەوانەش ئێستا پۆست و پلەى فەرمیان هەیە بە هەمان شێوەن.

لەسەر ئەو بابەتەش، وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، ئەو کەسە فەرمانبەر یاخود مامۆستا نییە لە وەزارەتی پەروەردە، بۆیە ناتوانن لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن و پێویستی بە لایەنی دیکە و بەدواداچوونی زیاترە.