سەردێڕ:

ئومێد خۆشناو: یەکێک لە خەونەکانی فرسەت سۆفی لە هەولێر هاتەدی

فۆتۆ: 
2021-02-28

53439 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لە هەولێر گەورەترین نەخۆشخانەی چاودێری چڕ بۆ توشبووانی کۆرۆنا کرایەوە و نەخۆشخانەکە ناوی (لالاڤ)ـە، پارێزگاری نوێی هەولێریش دەڵێت، "یەکێک لە خەونەکانی فرسەت سۆفی لە هەولێر هاتەدی."


ئەمڕۆ ٢٨ی شوباتی ٢٠٢١، گەورەترین نەخۆشخانەی چاودێری چڕ لە هەولێر کرایەوە و لە رێورەسمی کردنەوەشیدا، دلۆڤان محەمەد فاتیح بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، کردنەوەی نەخۆشخانەی لالاڤ بۆ چاودێری چڕ پڕۆژەیەکی گەورەو گرنگە و سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکاری کرد و دەشڵێت، "بیرۆکەی فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی هەولێر بووە."

لەو بارەیەشەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری نوێی هەولێر باسی لەوەکرد، "یەکێک لەخەونەکانی فرسەت سۆفی لە هەولێر هاتەدی."

ئاماژەی بەوەشکرد، پێیان وایە هەنگاوەکانی کەرتی تایبەت هاوشان لەگەڵ حکومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری گەورە پێشکەش بکات و دەشڵێت، دەرگای فەرمانگەکانی حکومەت بەڕووی سەرمایەگوزاران و کەرتی تایبەت کراوەیە و هەرچی ئاسانکارییە پێشکەش بە ئەوان دەکرێت.

پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە دۆخی تەندروستیش رایگەیاند، "لەگەڵ دەستپێکردنی پەتای کۆرۆنا، لەهەموو جیهان لە سێکتەری تەندروستی هەژانێک روویدا، ووڵاتی ئێمەش بەدەر نەبوو لەو هەژانە، بۆیە ئەگەر لەسەرەتادا سەیری بکەین تەنها توانا مرۆییەکان و لێزانە پزیشکییەکانی کارمەندانی تەندروستی بوونە فریادڕەس و لەو بوارەدا بەشێک لەکەم و کوڕییەکانمان دەرکەوت کە لەرابردوودا ئەگەر نەتوانرابێت بەپێی ئیمکانیاتی حکومەت کرابن."

ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی لە چوارچێوەی پلانەکاندا چەند کارێکیان ئەنجامدا کە ئەمە یەکێکە لەو کارانە"، هیوواشی خواست کە پێویستیان بەو نەخۆشخانەیە نەبێت.