سەردێڕ:

لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2021-02-28

11328 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ دووشەممە، لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ هەڵسه‌نگاندنی دۆخی ته‌ندروستی و پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیار و رێكاره‌كانی به‌ ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه‌.


ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەوان پابەندن بە بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستیەوە، ئەگەر داوایان لێبکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دابخەن، ئەوا دایدەخەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا روو لە هەڵکشان بکات، پابەندی هەر بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی دەبن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئالان حەمەسەعید باسی لەوەشکرد، لەو بارەشدا تەنیا لایەنێک بڕیارنادات بەڵکو لیژنەی باڵاى روبەروبوونەوەی کۆرنا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی بڕیاری کۆتایی دەدات.

راشیگەیاند، سەلامەتی و تەندروستی ژیانی هاوڵاتیان لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان لە هەر کاتێکدا بێت بۆ پاراستنی خەڵکە.

 

بەپێی زانیارییەکان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داوای له‌ لیژنه‌ی ناوبراو كردووه‌، رێكاره‌كانی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان توندتر بكرێن.

هەر ئه‌مڕۆ، سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم رایگه‌یاند، زۆربه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی توشبوون به‌ كۆرۆنا، كه‌ ئێستا تۆمارده‌كرێن به‌هۆی زنجیره‌ نوێیه‌كه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌یه‌.

رۆژی ٢٤ی ئەم مانگەش، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، باس لە کەرەنتین کردن ناکەن و چاوەڕوانی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە بڕیاربدەن.