سەردێڕ:

وەزیری پەروەردە: ئەگەر پێویست بکات دەرگای قوتابخانەکان دادەخەین

فۆتۆ: 
2021-02-28

83823 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر وەزارەتی تەندروستی داوایان لێبکات دەرگای قوتابخانەکان داخەن، ئامادەن دایبخەن.


ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئەوان پابەندن بە بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستیەوە، ئەگەر داوایان لێبکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دابخەن، ئەوا دایدەخەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا روو لە هەڵکشان بکات، پابەندی هەر بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی دەبن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئالان حەمەسەعید باسی لەوەشکرد، لەو بارەشدا تەنیا لایەنێک بڕیارنادات بەڵکو لیژنەی باڵاى روبەروبوونەوەی کۆرنا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی بڕیاری کۆتایی دەدات.

راشیگەیاند، سەلامەتی و تەندروستی ژیانی هاوڵاتیان لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان لە هەر کاتێکدا بێت بۆ پاراستنی خەڵکە.

 

رۆژی ٢٤ی ئەم مانگەش، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاندبوو، باس لە کەرەنتین کردن ناکەن و چاوەڕوانی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە بڕیاربدەن.