سەردێڕ:

ئایا ئەمساڵ رێگە بە حەج و عەمرە دەدرێت؟

فۆتۆ: 
2021-02-28

3945 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی سلێمانی رایگەیاند، ئەگەرچی لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکان و سعودیە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بەم دواییانە ئەو وڵاتە داوایکردووە گرێبەستەکان نوێبکەنەوە. دەشڵێت، لە مانگی رەمەزاندا عەمرەکردن تاقیدەکرێتەوە، ئەگەر لە رووی کۆرۆناوە سەلامەت بوو، ئەوا پێدەچێت رێگە بە حەجکردنیش بدرێت.


کامەران عەلی بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی سلێمانی رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ٢١٠ کۆمپانیای حەج و عەمرە هەیە داوایان لێکردوون، ئەوانەیان گرێبەستیان واژۆکردووە ئامادەبن هەرکاتێک حکومەتی سعودیە رایگەیاند مەترسییەکانی کۆرۆنا کەمبووەتەوە، دەست بە عەمرە بکەنەوە بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا هیچ کۆمپانیایەک لە عێراقدا ڤیزای وەرنەگرتووە بە کۆمپانیاکانی هەرێمیشەوە. هاوکات، هیچ وادەیەکی دیاریکراویش نییە سعودیە ڤیزا بە هیچ کۆمپانیایەک بدات.

لە رووی تێچوونی حەج و عەمرەی ئەمساڵەوە ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنەکانەوە لەلایەن حکومەتی سعودیەوە، کۆمپانیاکانیش خۆیان ناتوانن پێشبینی هیچ نرخ و تێچوونێک بکەن.

باسی لەوەشکرد، ساڵانی رابردوو هەر پاسێک ٤٥ کەسی هەڵدەگرت، بەڵام ئەمساڵ دەبێت تەنیا ٢٥ کەس هەڵبگرن، بەڵام ئەو کەسانە دەبێت کرێی ٤٥ کەسەکە بدەن. لە هۆتێلەکانیشدا هەر ژوورێک دوو کەس تیایدا بمێننەوە و کرێی پێنج کەس بدەن. جگە لەوەی هەر کەسێک هەڵگری ڤایرۆسەکە بێت، ١٤ رۆژ لەسەر حسابی خۆی کەرەنتینە دەکرێت و دواتر بە فرۆکەیەکی تایبەت رەوانەی وڵاتەکەی دەکرێتەوە، چونکە هاوڕێکانی دوای ١٠ رۆژ دەگەڕێنەوە، هەموو ئەم رێوشوێنانە خەرجییەکانی دوو هێندەکردووەتەوە، هەربۆیە حاجی و عەمرەکار نازانێت سێ هەزار دۆلاری پێویستە، زیاتر یان کەمتر.

لەبارەی دەستپێکردنەوەی حەجیشەوە ئاماژەی بەوەدا، تا لە مانگی رەمەزاندا عەمرە ئەنجامنەدرێت و تێست نەکرێت و دۆخەکە بۆ سعودیە روون نەبێتەوە، هیچ هەنگاوێک نانرێت. ئەگەر بۆی دەرکەوت لە کاتی عەمرەدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵکراوە، ئەوکات داوا لە حاجیانی وڵاتی ئیسلامی دەکات پاسپۆرتەکانیان ئامادەبکەن.

دەشڵێت، بەهۆی زۆری رێگرییەکان و زۆر گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی و گرانی تێچوون و کەمی ماوەی مانەوەی حاجی و عەمرەکاران لە سعودیە، خواست لەسەر عەمرە کەمبووەتەوە و تا ئێستا هیچ کۆمپانیایەک سەردانیان نەکردوون بۆ تەواوکردنی رێکارەکانیان تا خۆیان بۆ گەشتەکانیان ئامادەبکەن.