سەردێڕ:

پاش حەوت ساڵ؛ پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم دەچێتە پەرلەمانی کوردستان

فۆتۆ: 
2021-02-28

3417 جار خوێندراوەتەوە

پاش حەوت ساڵ لە نەبوونی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم، پێشبینیدەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی وەزیران بودجەی ٢٠٢١ پەسەندبکات و دواتر بۆ دەنگدان لەسەری و پەسەندکردنی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.


دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی پارتی ئاشکرایکرد، ئامادەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێم لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە دەکات و پەسەندی دەکات و دواتر رەوانەی پەرلەمان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، پێدەچێت دوای گفتوگۆکردنی، لە کۆتایی مانگی ئازاری داهاتوودا پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیاساکە پەسەندبکات.

لەلایەن خۆیەوە، ئەرشەد لۆلانی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، پاش گەیشتنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان، سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنە پەیوەندیدارەکان رادەسپێرێت راپۆرتی خۆیان لەبارەی بودجەوە ئامادەبکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی حەوت ساڵە حکومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی نییە و رەوانەی پەرلەمانی نەکردووە تا پەسەندبکرێت و بەرچاو روونبێت بەرامبەر داهات و خەرجییەکان.