سەردێڕ:

لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2021-02-28

8039 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە کەمپی هۆل لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا ئاگرێک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە دوو منداڵ و ژنێک گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.


کاوە ئەدهەم پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی رابردوو لە کەمپی هۆل لە شاری حەسەکە لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوەدا ئاگر کەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی پارێزگای حەسەکە و برینی ١٠ کەسیان سەختە و تەندروستیان ناجێگیرە.

هاوکات، شێخ موس ئەحەمەد، بەڕێوەبەری نوسینگەی کاروباری پەنابەران لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە دوو منداڵ و ژنێک گیانیان لەدەستداوە.

کەمپی هۆل لە رۆژ ئاوای کوردستانە و لەلایەن ئیدارەی خۆسەری لە رۆژهەڵاتی باکور و باکوری سوریاوە بەڕێوەدەبرێت و نزیکەی ٦٢ هەزار کەسی تێدا دەژی کە ٩٠٪ یان ژن ومنداڵی خێزانی چەکدارە داعشەکانن.