سەردێڕ:

بەریتانیا پاشەڕۆی مرۆڤ دەکاتە سەرچاوەی وزە

فۆتۆ: 
2021-02-28

1803 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای Thames Waterی بەریتانی ئاشکرایکرد، لە یەکەم ئەزمونیدا پلانی داناوە بۆ گەرمکردنی هەزاران خانو بە پشتبەستن و بەکارهێنانی پاشەڕۆ و ئاوەڕۆی مرۆڤ وەک سەرچاوەی وزە.


رۆژنامەی ئیندپێندنتی بەریتانی بڵاویکردەوە، کۆمپانیاکە بەنیازە بەهۆی بەکارهێنانی ئەو گەرمییە زیادەیەی لە رێگەی پرۆسەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆە بەکاری دەهێنێت، زیاتر لە دوو هەزار خانووی نوێی لە کینگستۆن لە باشوری لەندەن پێ گەرمبکات.

بەجۆرێک، لەجیاتی ئەوەی ئاوە گەرمەکە راستەوخۆ بخرێتە ناو دەریاوە، یەک لەسەر سێی ئاوەکە هەڵدەگیرێت و رەوانەی ناوەندی وزەی نوێ دەکرێت تا بتوانێت ئەو ئاوەی دەگاتە ناوچەی نیشتەجێبوونی کەمبریج لە کینگستۆن گەرمبکات.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەم تاقیکردنەوەیە سەرکەوتووبێت، ئەوا دەتوانرێت لە کاتژمێرێکدا حەوت گێگا لە پلەی گەرمی بەردەست بکات و ئاستی بەرهەمهێنانی کاربۆن ساڵانە کەمبکاتەوە.

هاوکات، کۆمپانیاکە پلانی هەیە لە سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکەیاندا، کارەکەیان فراوانتربکەن و باڵەخانە گشتی و بازرگانییەکانیش لە ناوەڕاستی شارەکەدا پێ گەرمبکەن.

لەلایەن خۆیەوە، سارە بنتلی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، گەرمییە نوێیەکەی تۆڕی ئاوەڕۆ دەبێتە سەرچاوەیەکی زۆر باش، "هەربۆیە پێویستە ببینە پێشەنگ لەم هەنگاوەدا".

دەشڵێت، پاراستنی ژینگە و بەهێزکردنی کارێکی گرنگە، پێویستە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێ بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان تابتوانن لە دەساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی کاربۆن سفر بکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕوی تەکنەلۆجیا و زانست و ئابووری و خاوەن کارگەی زەبەلاح لە پێناو پاراستنی ژینگە و بەتەنگەوەهاتنی گۆڕانی کەش و هەواو و پاراستنی هەسارەی زەوی،  پلانی خۆیان بۆ سفر کردنەوەی بەرهەمهێنانی کاربۆن لە نێوان ساڵانی ٢٠٣٥ - ٢٠٤٥ ئاشکرا کردووە و رێکەوتنی پاریسیان بۆ ئەومەبەستە واژۆکردووە و لە ئێستادا کار لە پێناو بەدیهێنانی ئەو خواستەیان دەکەن.