سەردێڕ:

قائیمقامی سلێمانی: شارەکەمان لەگەڵ ئازادی و بیروڕای جیاوازدایە

بە چەند رووداوێک نائارامی دروستنابێت
فۆتۆ: 
2021-02-27

5082 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، سلێمانی شارێکی ئازادە و لەگەڵ بیروڕای جیاوازدایە، ئەو کارەی بەرامبەر غالب محەمەد ئەنجامدراوە، بەرامبەر بە ئیدارە هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدراوە.


ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەرکەزی سلێمانی رایگەیاند، سلێمانی شارێکی ئازادە و لەگەڵ ئازادی و بیروڕای جیاوازە، شارێکی ئارامە و بە رووداوێکی لەوشێوەیە نائارامی دروست نابێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بە دواداچون بۆ رووداوەکە دەکەن، دڵنیاین جێ پێی ئەو تاواکارە دەدۆزرێتەوە، کە ئەو کارە ترسنۆکانەی دەرهەق بە غالب محەمەد ئەنجامداوە."

ئاوات محەمەد دەشڵێت، "ئەو کارە دەرهەق بە هەموو خەڵکی سلێمانی ئەنجامدراوە، ئێمە وادەزانین دەرهەق بە ئیدارە و حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ئەنجامدراوە."

لەبارەی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەش قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند، "با چاوەڕوان بین دواتر لەلایەن ئاسایش و پۆلیس و ئاسایشەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچونەکان تەواوبوون ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە."

 

دوێنێ هەینی، غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا، بە چەقۆ هێرشکراوەتە سەری و لە چەندین لاوە برینداریان کردووە.

هاوکات، پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاندبوو، بەگوێرەی ئەو کامێرا چاودێرییانەی هەڵیانگرتووەتەوە، تەنیا یەک کەس دەردەکەوێت کە شەڕ لەگەڵ غالب محەمەد دەکات، وتبووشی، ئەگەرچی فەرمانی دەستگیرکردن دەرکراوە، بەڵام لەبەرئەوەی ناناسرێتەوە، تاوەکو ئێستا ئەو کەسە دەستگیرنەکراوە.