سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی هاتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ عێراق

فۆتۆ: 
2021-02-27

1211 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ ڤاکسینی کۆرۆنای فایزەر بگاتە بەغدا، بەڵام کۆمپانیاکە لە پەیامێکدا داوای لێکردون یاسایەک دەربکەن بۆ پاراستنی کۆمپانیاکە لە بەرپرسیارێتی و قەرەبووکردنەوە.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق راشیگەیاند، زیاتر لە ١٦٩ ملیۆن دۆلاریان داوەتە بەرنامەی کۆڤاکس بۆ کڕینی ١٦ ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ کۆمپانیاکانی فایزەر و ئیسترازینکای بەریتانی و سینۆڤارمی چینی گرێبەستیان واژۆکردووە بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە رێگەی لیژنەی نیشتیمانی بۆ دەستنیشان کردنی دەرمان.

وەزارەتی تەندروستی عێراق دەشڵێت، حکومەتی چین بڕی ٥٠ هەزار ژەمە ڤاکسینی سینۆڤارمی وەک دیاری پێشکەشی عێراق کردووە و ١ی مانگی ئازار دەگاتە بەغداد و دواتر ئەو بڕەیەی دیکەی دەگات کە حکومەت کڕیویەتی.


ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی تەندروستی عێراق وتبووی، ئەمڕۆ شەممە، یەکەم کاروانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بگاتە وڵات و لە رێگەی ئەو بنکانەی دەستنیشانکراون دەست بەدابەشکردنی دەکرێت و پشکی هەرێمیشی تێدایە.