سەردێڕ:

روسیا دوای هێرشەکەی سەر سنوری عێراق: پێشێلکارییەکی پەسەندنەکراوە

فۆتۆ: 
2021-02-26

2156 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئیدانەی هێرشەکەی ئەمریکا لەسەر سنوری عێراق - سوریا دەکەن، دەشڵێت، "هێرشەکە پێشێلکارییەکی پەسەندنەکراوە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان."


ئەمڕۆ هەینی، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی روسیاوە رایگەیاند، کە وڵاتەکەی هێرشەکە بە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان لە قەڵەم دەدات، چونکە هێرشی کردووەتە سەر خاکی دەوڵەتێک کە ئەندامی نەتەوەیەکگرتوەکانە.

هەر ئەمڕۆ، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەو گروپە چەکدارەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری عێراق - سوریا بۆردومانکران، هەمان گروپە کە هێرشیان کردە سەر هەولێر.

هاوکات، جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و ئەوەی خستبووەڕوو، لەسەر راسپاردەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەو بۆردومانە کراوە، مەبەستی هێرشەکەش بۆ نەهێشتنی ژێرخانی ئابوری گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بووە لە سوریا.

لای خۆشییەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایانگەیاندبوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانی لە سنوری سوریا- عێراق کردووە، کە لە عێراقەوە هاتبوون و لە ئەنجامدا ١٧ چەکدار کوژراون.


شەوی ١٥ی ئەم مانگە، هێرشێکی موشەکی کرایە سەر شاری هەولێر و بووە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە کە کەسانی ئەمریکیشیان تێدابوو و دواتر یەکێک لە بریندارەکانیش گیانی لەدەستدا.