سەردێڕ:

ئەمریکا: ئەو گروپەی هێرشیان کردە سەر هەولێر لەسەر سنوری عێراق بۆردومانکران

وتبوویان لە کاتی خۆیدا وەڵامیان دەبێت
فۆتۆ: 
2021-02-26

12864 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئەو گروپە چەکدارەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری عێراق - سوریا بۆردومانکران، هەمان گروپە کە هێرشیان کردە سەر هەولێر.


لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئەوەی هێرشەکەی هەولێر ئەنجامدرا رایانگەیاند، لە کاتی خۆیدا وەڵامیان دەبێت و ئەمڕۆش پێش هێرشەکە سەرۆکی ئەمریکایان ئاگادارکردووەتەوە. 

وەزیری بەرگری جەختی لەوەشکردەوە، ئەو گروپەی ئەمڕۆ لە سنوری سوریا بۆردمانکران هەمان گروپن، کە هێرشەیان کردە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

لای خۆشییەوە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایانگەیاندبوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانی لە سنوری سوریا- عێراق کردووە، کە لە عێراقەوە هاتبوون و لە ئەنجامدا ١٧ چەکدار کوژراون.

 

 


هاوکات، جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و ئەوەی خستبووەڕوو، لەسەر راسپاردەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەو بۆردومانە کراوە، مەبەستی هێرشەکەش بۆ نەهێشتنی ژێرخانی ئابوری گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بووە لە سوریا.

شەوی ١٥ی ئەم مانگە، هێرشێکی موشەکی کرایە سەر شاری هەولێر و بووە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە کە کەسانی ئەمریکیشیان تێدابوو و دواتر یەکێک لە بریندارەکانیش گیانی لەدەستدا.