سەردێڕ:

لە عێراقدا ئەمریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری نزیك لە ئێرانی کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ
فۆتۆ: 
2021-02-26

6052 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ، فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردومانی گروپێکی چەکداری نزیك لە ئێرانی کە لە عێراقەوە هاتبوون لە سنوری سوریا- عێراق کردووە و لە ئەنجامدا ١٧ چەکدار کوژراون.


بەرەبەیانی ئەمڕۆهەینی، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە سنوری سوریا- عێراق بۆردومانی گروپێکی چەکداری نزیك لە ئێرانیان کردووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، فرۆکەکانی ئەمریکا بۆردومانی دەروازەی ئەلبوکمال-یان کردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئەنجامدا ١٧ چەکدار کوژران و سێ بارهەڵگری چەک کە لە عێراقەوە دەهاتن سوتێنران.

لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجی بۆردومانەکە رێگەنەدان بەتێپەڕبوونی گروپە چەکدارەکانی نزیك لە ئێران بووە بێنە ناو سوریا.

هاوکات، جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، ئەو بۆردومانە کراوە بۆ نەهێشتنی ژێرخانی ئابوری گروپە چەکدارەکانی نزیك لە ئێران لە سوریادا.

ئەمە لەکاتێدایە، دوو هەفتە لەمەوبەر، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ئیسرائیل بۆردومانی کاروانێکی بارهەڵگری ئێرانییان لە سنوری عێراق-سوریا کردووە.

لە ماوەی رابردوودا، ناکۆکی و ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی بەخۆوە بینیوە و بەردەوام هەردوولا هەڕەشەی ئەنجامدانی کردەی سەربازی دژی یەکتر دەکەن و بەشێک لە چاودێران دەڵێن، خاکی عێراق بەشێک دەبێت لە ململانێکانی هەردوو وڵات.