سەردێڕ:

بڕوانامەی دەرچووانی زانکۆیەکی هەرێم لە بەریتانیا دانیپێدانرا

فۆتۆ: 
2021-02-25

64720 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی زانکۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، بڕوانامەی دەرچووانی زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێم، لەلایەن تەواوی دامودەزگاكانی وڵاتی بەریتانیا وەك بڕوانامەیەكی فەرمی دەناسرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماڵپەڕی زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لەلایەن ناوەندی زانیاری بۆ دانپێدانانی نیشتمانی لە وڵاتی بەریتانیا، زانكۆی سلێمانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

لەوبارەیەشەوە، رەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، بۆ یەكەمجار زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی كوردستان، وەك یەكەم زانكۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن  UK-NARIC  بڕوانامەی دەرچووەکانی لەلایەن ھەموو دامودەزگاكانی وڵاتی بەریتانیا وەك بڕوانامەیەکی فەرمی دەناسێنرێت.

لە راگەیەنراوەکەی زانکۆی سلێمانیشدا زیاتر باسکراوە و ئەو هەنگاوە بە دەستكەوتێک بۆ زانكۆی سلێمانی ئاماژەی پێکراوە و دەڵێت، رێگە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆکە خۆشدەکات تا لە زانكۆكانی بەریتانیا درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن.

زانکۆی سلێمانی، لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە و دەکەوێتە شاری سلێمانیەوە، یەکێکیشە لە زانکۆ گەورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. هاوکات، بە پێی نوێترین ریزبەندی پەیمانگای "سیماگۆ" بۆ ریزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی جیهان و عیراق، زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانكۆكانی عیراق پلەی سێیەمی گرتووە.