سەردێڕ:

بەرپرسێکی پارتی: بە ناوی داعشەوە تەقە لە کوردانی کەرکوک دەکرێت

فۆتۆ: 
2021-02-25

2076 جار خوێندراوەتەوە

جێگری بەرپرسی سەرکردایەتی کەرکوک - گەرمیانی پارتی رایگەیاند، "عەرەبی شۆڤێنی بە ناوی چەکداریی داعشەوە تەقە لە ھاوڵاتییانی کورد دەکەن بۆ ئەوەی ناچار بکرێن ناوچەکانیان بەجێ بێڵن."


دیاری حسێن جێگری بەرپرسی سەرکردایەتی کەرکوک - گەرمیانی پارتی بە مالپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، "پرۆسەی تەعریب و زۆریھێنان بۆ سەر ھاوڵاتییانی کوردی کەرکوک چڕکراوەتەوە و ھەر رۆژە و لە ژێر ناوێک و بە بڕیارێک بازاڕ و گەڕەکەکانی کورد لە شاری کەرکوک تێکدەدرێن و کەسیش نییە بەرگری لە ھاوڵاتییانی کورد لە کەرکوک بکات، ئەو ھەموو تەعریب و زۆڵمەی لە کوردانی کەرکووک دەکرێت بە پیلان و بڕیاری پێشوەختە کاری بۆ دەکرێت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دەرکردنی کورد لەنێو شاری کەرکوک پەڕیوەتەوە بۆ گوندەکانیش ئێستا دەیانەوێت کوردانی کاکەیی لەسەر گوندەکانیان دەربکرێن، کە ھەندێک جار بە ناوی چەکداری داعشەوە عەرەبی شۆڤێنی تەقە لە ھاوڵاتییانی کورد دەکەن بۆ ئەوەی ناچاربکرێن ناوچەکانیان بەجێبێڵن بۆ ئەوان."

دیاری حسێن دەشڵێت، "چەند رۆژێکە ھەڵمەتێک بۆ تێکدانی ژمارەیەک بازاڕ و گەڕەکی کورد لە کەرکوک دەستی پێ کردووە و دەیانەوێت بە قۆناغ کورد بسڕنەوە لە شارەکەیان، ئەگەر پێشی لێ نەگیرێت مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر کوردانی کەرکوک ھەیە و لە داھاتوودا بە جێبەجێکردنی پیلانەکانیان کورد بێ جێگە و رێگە دەمێنێتەوە لە کەرکوک."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە دواى رووداوەکانى ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پارتى رایگەیاندبوو، بەهێزەوە نەبێت ناگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، لەوکاتەشەوە پارێزگاکەی بە داگیرکراو ناوبردووە، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاندبوو، ئامادەن لە پارێزگای كەركوک بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا بکەن.