سەردێڕ:

داهاتى هەرێم زیادیکردووە؟

فۆتۆ: 
2021-02-25

1090 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، داھاتی ھەرێمی كوردستان بەراورد بە پێش هاتنى کۆرۆنا دوو تا سێ ھێندە زیادی كردووە.


ئەرشەد حوسێن، ئەندامى لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕى فەرمى پارتى رایگەیاندووە، "بە ھۆی ئەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چەند ھەنگاوێكی لە بواری ئابووری ناوە و چەند فاكتەرێكیش بوونەتە ھۆی ئەوەی دۆخی ئابووریی ھەرێمی كوردستان باشتر بێت، داھاتی ھەرێمی كوردستان لە چاو پێش ھاتنی كۆرۆنا، دوو تا سێ ھێندە زیادی كردووە ئەمەش ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە كە دۆخی ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە بەرەو باشتر بچێت".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "زیادبونى داهاتى هەرێم بۆ چەند هەنگاوێک دەگەڕێتەوە، وەكو جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و رێكخستنەوەی باج و بەئەلیكترۆنیكردنی خەرجییەكان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و نەوت، بۆیە ئەمانە وایان كردووە كە داھاتی ھەرێمی كوردستان زیاد بكات".

باسیلەوەشکردووە، "لە ئێستادا دۆخی ھەرێمی كوردستان بە ھۆی ئەو ھەنگاوانەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ناویەتی، زۆر باشتر بووە و حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە باشتركردنی دۆخی ئابووریدا سەركەوتوو بووە، نموونەش ئەوەیە كە دەبینین داھاتی ھەرێمی كوردستان چۆن زیادیكردووە و ھەنگاوەكانیش بەردەوام دەبن تاوەكو دۆخەكە باشتر دەبێت و داھاتیش زیاتر دەبێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتى هەرێم سەرە راى بەرزبونەوەى نرخى نەوت و بەرزبونەوەى نرخى دۆلار بەرامبەر بە دینار هێشتا موچە بەشێوەى لێبرینەوە دابەش دەکات.