سەردێڕ:

پارێزەرانی سزادراوانی بادینان: هیچ رژێم و دەوڵەتێک بەبێ دادپەروەری بەردەوام نابێت

فۆتۆ: 
2021-02-25

2431 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان ئەمڕۆ بڕیارەکەی دادگایان لەبارەی سزادانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوان تەمیز کردەوە و پارێزەرانی دۆسیەکەش دەڵێن، "هیچ رژێم و دەوڵەت و کیانێک بەبێ دادپەروەری بەردەوام نابێت."


پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، "پەیماننامە و جاڕنامە و رێککەوتنە تایبەتەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی دادوەری جەخت لەسەر سەربەخۆبوون و بێلایەنی ئەو دەسەڵاتە دەکەنەوە لە هەموو پاشکۆیەتی و دەستتێوەردانی حزبی و حکومی."

دەشڵێن، "لەسەر ئاستی ناوخۆش لە دەستوری عێراق و لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستاندا ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٧ هەمان جەختکردنەوە هەیە."

ئەو پارێزەرانە ئاماژەیان بەوەشکرد، "هیچ رژێم و دەوڵەت و کیانێک بەبێ دادپەروەری بەردەوام نابێت، بە داخەوە لە دوای ئەو وتانەی لەدوای تاوانبارکردنی دەستگیرکراوانی بادینان بەبێ چاوەڕوانیکردنی بڕیاری کۆتایی دادگا درکمان بە مەترسی کرد لە بەڕێوەچونی پڕۆسەی دادگاییکردن و سزادانی دەستگیرکراوەکان، ئەو ترسەشمان لە جێگەی خۆیدا بوو کاتێک لە رۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ دادگاییکردن و حوکمدانی دەستگیرکراوانی بادینان نادی و بێدایەکمان بەدیکرد، ئەمە جگە لە گرتنبەری کۆمەڵێک رێکار لەناو هۆڵی دادگا کە هەست بەوەنەدەکرا مەبەست لە دادگاییکردنەکە بەدیهێنانی دادپەروەری بێت."

ئەوەشیان خستەڕوو، "سەرجەم تۆمەتباران ئاماژەیان بەوەکردوە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە دراون و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵدا کراوە، کە دەبوایە دادگای تاوانەکانی هەولێر هەڵوێستی هەبوایە و وتەکانیان لەبەردەم دادگای تاوانەکان بە بنەما دابنرایە."

 

پێشتر، دادگای تاوانی هه‌ولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەى رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتارانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێکی نادادپەروەرانەی دەزانن.

هەر لەوبارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بڕیاری دادگا بۆ سزادانی راگیراوەکانی بادینان دوابڕیار نییە، وتیشی، "هیچ کەس و لایەنێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە".

رۆژی ١٩ی ئەم مانگەش، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانیان کردووە. راشیگەیاند، پێشتریش لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوە گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە و لە داهاتووشدا دەیکەن.

لە پاش پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوا لە هەموو لایەک دەکات کە "رێز" لە سیستمی دادوەریی هەرێمی کوردستان بگرن.

لەلایەکی دیکەوە، کەسوکاری سزادراوانی بادینان لە پەیامێکدا بۆ رایگشتی باسیان لەوەکرد، دەسەڵات بە ناڕاستەوخۆ و لەژێر ئەشکەنجەدا، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی بەزۆری کوڕە گیراوەکانیان دەکات. وتیشیان، ئەو کارە نائەخلاقیە رەتدەکەنەوە و بەوەش، ئەوان و خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر توڕە دەکەن.