سەردێڕ:

عەلى باپیر: بە لابردنى پاشگرى ئیسلامى نێوانێکی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان لابردووە

فۆتۆ: 
2021-02-24

4961 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، کە بە لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە ناوی کۆمەڵ نێوانێکیان لەنێوان خۆیان و کۆمەڵگە لابردووە، دەشڵێت، "یەکێک لە حیکمەتەکانى تر بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ دەرەوەى خۆمان."


عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، کە گۆڕینی ناوی حزبەکە مانای گۆڕینی ناوەڕۆکیان نییە و ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەوەمان نەهێشتووە خۆمان لە موسوڵمانان جیا بکەینەوە، حیکمەتێکى ترى بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ دەرەوەى خۆمان" و دەشڵێت، کە بۆیە کردوویانە بە دادگەری چونکە ئیسلام بۆ چەسپاندنی دادگەریی هاتووە.

عەلی باپیر نووسیویشییەتی، "پێش ئەوەى خۆمان بیر لە گۆڕینى ناوى ئەمیر و کۆمەڵ بکەینەوە، بەپێی یاسای کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق نابێت ناوى کەسى یەکەمى حزب "ئەمیر" بێت وئاڵاکەمان کە شایەتومانى تێدا نووسراوە، داوایان کردووە کە تێیدا نەبێت بۆ ئەوەى وەک موزایەدەى ئیسلامى سەیر نەکرێت"، راشیگەیاندووە، "لە سەردەمى خەلیفەکانى راشدینیشدا ناو گۆڕین هەبووە و "جێنشینى پێغەمبەر" گۆڕدراوە بۆ "أمیر المؤمنین" و دواتريش لەسەردەمى عوسمانیەکاندا بووە بە سوڵتان."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەمە واتاى ئەوە نییە لە داهاتوودا کەسێک دەبینین کە موسڵمان و ئیماندار نەبێت و لە ریزەکانى سەرکردایەتیدا بێت، بەڵام مەمنوونى هەرکەسێکى تر دەبین کە پشتیوان و هاوکارمان بێت."

لە ١٩ی ئەم مانگەدا، لە چوارچێوەی دانیشتنی دووەمین رۆژی کۆنگرەی چواره‌می کۆمەڵی ئیسلامیی، ئەندامانی کۆنگرە به‌ زۆرینه‌، دەنگیاندا بە گۆڕینی‌ ناوی حزبەکە لە (کۆمەڵی ئیسلامیی) بۆ (كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان).

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە ٣١ی حوزەیرانی ٢٠٠١ دامەزراوە و لە خولی دووەمی پەرلەمانەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردووە، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە ١٠٩ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەو رێژە دەنگەش کۆمەڵ بووە خاوەنی حەوت کورسی.