پەرلەمانتارێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق لە تویتەر رایگەیاند، ئەجێندا ئەمنییەکانی کابینەی نۆ تادێ مەترسیی زیاتر لەسەر ئێستا و ئایندەی هەرێم دروست دەکەن، دەشڵێت، "هەڵوەشاندنەوەی کابینەی نۆیەم ئەرکێکی نیشتیمانییە."
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە تویتەر نوسیەیەتی، "لەپاڵ شکستە ئیداریی و داراییەکانی ئەم کابینیەی حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی بێتوانایی و بێباکیی لە دابینکردن و لێبرینی موچەی موچەخۆران، ئەجێندا ئەمنییەکانی کابینەی نۆ تادێ مەترسیی زیاتر لەسەر ئێستا و ئایندەی هەرێم دروست دەکەن".
راشیگەیاند، ''ئەم کابینە ئەمنیە فاشیلە دارشەقەکانیی یەکێتی و گۆڕانن، یەکێتی بە پلەی یەکەم و گۆڕان بە پلەی دوەم تاوانبارن بەوەی درێژە بە تەمەنی حوکمڕانیەک دەدەن کە کەرامەتی مرۆڤی لە هەرێمەکەدا خستووەتە مەترسیەوە."
ئاماژەی بەوەشداوە، هەر تاوانێک پارتی بەناوی حکومەتەوە بیکا، یەکێتی و گۆڕان شەریک و بەشدارن لەگەڵیدا.