سەردێڕ:

حاجی کاروان: NRT هۆکارێک بوو بۆ داخستنی یانە و هەندێک کافتریا کە کاری لەشفرۆشی تێدادەکرا

فۆتۆ: 
2021-02-24

4222 جار خوێندراوەتەوە

حاجی کاروان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک دەستخۆشی لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەکات بەرامبەر ئەو زنجیرە راپۆرتانەی کە لەبارەی یانەشەوانەکان و ئەو کافتریایانەوە بوون کە لەشفرۆشیان تێدا ئەنجامدەدرا و دەڵێت، ئەو کەناڵە هۆکارێک بووە بۆ داخستنی هەندێک لەو یانە و کافتریایانە.


حاجی کاروان بانگخواز و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتوو لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەو زنجیرە راپۆرتانە دەکات کە کامێرای نهێنی ئێن ئار تی دەچێتە ناو یانەشەوانەکان و دۆخی ئەو یانانە ئاشکرادەکات و خاوەنی راستەقینەیان ئاشکرادەکات.

حاجی کاروان نووسیویەتی، "دە‌ستی ئێن ئاڕ تی خۆشبێ كە‌ هۆکارێک بوون بۆ داخستنی یانە و هەندێک کافتریا کە کاری لەشفرۆشی تێدادەکرا، دەستخۆش بۆ ئەو کاربەدەستانەی کە یانەکانیان داخست"، نووسیویشیەتی، "بەو هیوایەی پارێزگای هەولێریش هەمان هەنگاو هەڵگرێ و چیتر رێگا بەهەندێک مەسولی گەندەڵ و رەوشتنزم نەدرێت ئەم وڵاتە وێران بکەن لەوە زیاتر و نەبنە دەڵاڵ بۆ لەش فرۆشان.''


ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ١٠ حەفتەی رابردوودا و لەگەڵ وەرزی نوێی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا، ئێن ئاڕ تی دەستیکردووە بە پەخشکردنی زنجیرە راپۆرتێک لەبارەی ئەوەی چی لەناو یانە لەشفرۆشییەکان و ئەو کافتریایانەدا روودەدات کە لەشفرۆشیان تێدا دەکرێت و لەو راپۆرتانەشدا کۆمەڵێک نهێنی ئاشکراکراون.

دوابەدوای ئەو راپۆرتانەی کەناڵەکەش، کەناڵەکە روبەڕوی رەخنەی ئەوە بووەوە، کە نەدەبوایە ئەو راپۆرتە پشانبدرێت و ئەو کارانە ئاشکرا بکرێت کە لەناو یانەکەدا ئەنجامدەدرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، پاش ئەو زنجیرە راپۆرتە، لیژنەکانی قائیمقامییەتی هەولێر بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، لە هەڵمەتێکی گەڕانی لیژنەکانیاندا سێ شوێن و یانەی شەوانە داخراون، کە یەکێک لە گەورەترین یانە شەوانەکانی شارەکەی تیادایە.

لەلایەکی دیکەشەوە، قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگەیاند، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، ١٣ شوێنی خواردن و خواردنه‌وه‌یان داخستووە.