سەردێڕ:

وتەبێژی سەدر بۆ ئێن ئاڕ تی: سەدر و کوتلەی سائیرون ناهێڵن هیچ هاوڵاتیەک ماف و موچەی بخورێت

فۆتۆ: 
2021-02-24

4995 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی موقتەدا سەدر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەدر و کوتلەی سائیرون ناهێڵن هیچ هاوڵاتیەک ماف و موچەی بخورێت، دەشڵێت، "دواکەوتنی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە بەهۆی پشکی هەرێمەوەیە."


لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی دا، سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند، "کاتێکی زۆر لە ساڵی ۲۰۲۱ رۆشتووە و تا ئێستا پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند نەکراوە"، وتیشی، "هیچ کەسێک ناتوانێت دستدرێژی بکاتە سەر پشکی کورد لە بودجەدا و پشکی کورد لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دیاریکراوە."

ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە سەرجەم داهاتەکانی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق و پرسی رادەستکردنی داهاتی هەرێم بە ناوەند کێشەی دروستکردووە بۆ پڕۆژەیاسای بودجە."

ئەو وتەبێژەی سەدر راشیگەیاند، "موقتەدا سەدر دەیەوێت بە گفتوگۆ کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربکرێت و لەسەر خەتە بۆ ئەوەی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بێت."

ئەوەشی خستەڕوو، کە موقتەدا سەدر دەستوەردان لە ناوەڕۆکی یاساکان ناکات و موقتەدا سەدر رازیی نابێت کە هیچ هاوڵاتیەکی عێراقی بەهەرێمیشەوە بێ موچە بکرێت.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ەوە حکومەتی هەرێم و عێراق لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەدا و تاوەکو ئێستاش چەندین شاند لە هەرێمەوە سەردانی بەغدای کردووە بۆ ئەو مەبەستە، کە تاوەکو ئێستا چەندین جار گەیشتن بە رێککەوتن راگەیاندراوە، بەڵام هیشتا شاندەکە سەرقاڵی هاتوچۆن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.