سەردێڕ:

نوێترین لێدوانی وەزیری پەروەردە لەبارەی پڕۆسەی خوێندنەوە

فۆتۆ: 
2021-02-24

75247 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و یەکێک لە پرسەکان گفتوگۆکردن بوو لەسەر بەردەوامی پڕۆسەی خوێندن.


بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی هەرێم، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم دڵنیایی داوە لەسەر بەردەوامبوونی خوێندن.

حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەردەوامی خوێندن بە مەرجی رەچاوکردنی رێکارە تەندروستیەکان دەبێت، لە پێناو پاراستنی سەلامەتی و ژیانی قوتابیان و خوێندکاران ومامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن.

دوێنێش، وەزیرى پەروەردەی هەرێم رایگەیاندبوو، سێ قوتابخانە و چەندین پۆل کەرەنتین کراون بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە، بەڵام هێشتا دۆخەکە مەترسیدارنییە تا بڕیار لەسەر داخستنى ناوەندەکانى خوێندن بدرێت.

 

رۆژی دووشەممەش، لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە و بڕیاردرا، دەوامی خوێندنگاکان بەردەوام بێت و پێویستیشە مامۆستایان و خوێندکاران پابەندی رێنمایییە خۆپارێزییەکان بن.