حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بەردەوامن لە دانوستاندنەكان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھەیە بۆ چارەسەر كردنی ئەم بابەتە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەنراوێکدا حکومەتی هەرێم ئەوەی خستووەتەڕوو، دوا پێشھات و رێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ خستەڕوو.
باس لەوەشکراوە، "جەخت لە بەردەوامی لە دانوستاندنەكان کراوەتەوە و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھەیە بۆ چارەسەر كردنی ئەم بابەتە."
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، ئاوات جەناب وەزیری دارایی و دارا رەشید وەزیری پلاندانان تیشکیان خستەسەر دوایین ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ و ئاماژەیان بەوەکردووە، کە زۆربەی داتاکانی وەزارەتەکان ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بودجەیەکی شەفاف و واقیعی ئامادە بکرێت.
هاوکات، لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان، رەشنووسی پڕۆژە پەیڕەوی هاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و دوای گفتوکۆ و راگۆڕینەوە پەیڕەوەکە پەسەند کرا.
لە بڕگەی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەسەندکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خراوەتەڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی سەبارەت بە ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا و پلانی وەزارەتەکەی دەربارەی رێکارە تەندروستییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە خستەڕوو .