سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی بودجەوە کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2021-02-24

5369 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و تاوتوێکردنی دوا پێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت.


به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوو بڕگه‌ ده‌بێت، بڕگه‌ی یه‌كه‌م تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پرسی خستنه‌ڕووی دوا پێشهاته‌كانی پڕۆژه‌ بودجه‌كانی فیدڕاڵ و هه‌رێم بۆ ساڵی ٢٠٢١.

هەر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ بڕگه‌ی دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، پێشنووسی هه‌مواركراوی یاساكانی یه‌كێتی ژووره‌كانی بازرگانی و پێشه‌سازی، وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی و یاسای بازرگانی و پڕۆژه‌ په‌یڕه‌وی پێدانی هاوبه‌شیكردنی نێوان كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت دەخرێنەڕوو.

باسی لەوەشکردووە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پڕۆژه‌ په‌یڕه‌وی پێدانی مۆڵه‌تی خوێندن دەخرێتە دەنگدانەوە و پێشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی کارەباش گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

 

هاوکات، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بابەتی دانوستانەکانی نێوان و هەرێم و بەغدا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان دەبێت و دوایین بابەتی گفتوگۆکان دەخرێتەڕوو و شاندی دانوستانکاری هەرێم نەگەڕاونەتەوە بۆ بەغدا و لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری دەکەن و هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چوونیان بۆ بەغدا دەدرێت.

هێرش قادر، هەولێر