ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادە نییە یەک لیتر نەوت رادەستی بەغدا بکات، دەشڵێت، "وەفدی هەرێم هیچ متمانە و سومعەیەکی نەماوە کە پابەندی رێککەوتنی نەوتی بێت"، وتیشی، "مەلەفی نەوتی هەرێم بەدەست پارتییەوەیە و مەسعود بارزانی بڕیاردەری یەکەمە لەو پرسە".
ئەمڕۆ سێشەممە، رێبوار کەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەچوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی 'تاوتوێ'ی ئێن ئاڕ تیدا باسی لەوەکرد، ئەمڕۆ لایەنە شیعەکان تایبەت بە پرسی بەشە بودجەی هەرێم کۆبوونەتەوە، بەڵام کێشەی بێ متمانەییان بە هەرێم هەیە بۆ ئەوەی پابەندی رێککەوتننامەی نەوتی بێت."
رێبوار کەریم باسی لەوەشکردووە، "لەوبڕوایەدایە کە هەرێم نەوت رادەستی بەغدا ناکات"، دەشڵێت، "لەکۆبوونەوەیەکدا کاربەدەستێکی باڵای هەرێم بە لایەنە عێراقییەکانی وتوە، کە "یەک لیتر نەوتیش رادەستی بەغدا ناکەن".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، وەفدی هەرێم لەکۆبوونەوەیەکدا وتوویانە، ئەگەر لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی بودجە رێکنەکەون ئەوا ئاساییە، ئەوەشیان وتووە، "ڕێکنەکەوتن هیچ کێشەیەک درووست ناکات و خەڵکی هەرێمیش رازییە و کێشەیان نییە."