وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراقی ئاشکرایکرد، رۆژی دووشەممەی داهاتوو یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند، رۆژی دووشەممەی داهاتوو یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، فڕۆکەی بار هەڵگری چینی لە یەکی مانگی ئازاردا ڤاکسینی کۆرۆنا دەگەنێتە عێراق.
پێشتر تەمیمی رایگەیاندبوو، لە ماوەی ١٠ رۆژی داهاتوودا ٥٠ هەزار ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە دەست حکومەت، ئاشکراشیکردبوو، ڤاکسینەکان لەلایەن حکومەتی چینەوە وەک دیاری بۆ عێراق دەنێردرێت.
هاوکات، ئاماژەی بەوەشدا، کە نیگەرانە لە بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوونی منداڵان بە کۆرۆنا و دەشڵێت، هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا دوور لە لایەنی سیاسیەوە دەبێت.
راشیگەیاند، وەزارەت بەردەوام لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە پەیوەندیدایە بۆ گەیشتنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لە چوارچێوەی بەرنامەی کۆڤاکسی جیهانی کە لە رۆژێکدا وادەی گەیاندنی ڤاکسینەکان بە ١٩٠ وڵات رادەگەیەندرێت.