سەردێڕ:

نرخی نەوت بۆ زیاتر لە ٧٥ دۆلار بەرزدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2021-02-23

5881 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراوەیەكی دارایی ئەمریكی پێشبینی دەكات، لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵدا نرخی نەوت بۆ زیاتر لە ٧٥ دۆلار بەرزبێتەوە.


دامەزراوەی گۆڵدمان ساكسی ئەمریكی، پێشبینیكردووە تا كۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ خواستی وڵاتانی گەورەبەكاربەری نەوت لەسەر ئەو سوتەمەنییە زیاد بكات و دۆخی بازاڕی نەوت وەک پێش كۆرۆنای لێبێتەوە.

ئەو دامەزراوەیە ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەكێک لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت پابەندبوونی وڵاتانی خاوەن نەوتە بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتەوە.

 گۆڵدمان ساكس پێشبینیكردووە تا ئەو بەروارە، بەهای یەک بەرمیل نەوتی خاو ٧٠ دۆلار تێپەڕێنێت و لە چارەكی سێیەمی ئەمساڵیشدا لە ٧٥ دۆلار تێپەڕێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ، نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک دوو دۆلار بەرزبووەوە و بەمەش نرخی هەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەشتە ٦٥ دۆلار و ١٨ سەنت و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش گەیشتە ٦١ دۆلار و ٦٩ سەنت، کە نه‌وتی برێنت بە رێژه‌ی ٣.٤٠% بەرزبووەوە و نه‌وتی خاوی ئه‌مەریكاش به‌رێژه‌ی ٣.٩٧% نرخه‌كه‌ی بەرزبووەوە.

لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمترين ئاستی لە دوای ساڵی ٢٠٠٢ تۆمارکرد، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو لە خوار ٢٥ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا.

گۆڵدمان ساكس؛ دامەزراوەیەكی ئەمریكییە لە بواری خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانی دارایی كاردەكات و یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوە داراییەکانە لە ئەمریكادا و بە یەكێک لە كۆمپانیا گەورەکانی راوێژكاریی دارایش دادەنرێت.