سەردێڕ:

کازم فاروق: بۆ کەرتی تایبەت ماوە تاوەکو لێی دابمەزرێن

فۆتۆ: 
2021-02-23

2911 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دامەزراندن و هەلی کارەوە نووسینێکی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لەژێر ناونیشانی "ئەمە رێك وەکو ئەوە وایە کە وتبووی مادام خەڵك نان نییە بیخۆن، با بسکیت بخۆن" بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوەدەکات، "ئەم مەسولانەی پارتی و یەکێتی ھەرکامیان دەمدەکەنەوە لەسەر تێری خۆیانەوە دەڵێن دامەزراندن نییە، با گەنجەکان لە کەرتی تایبەت ئیش بکەن"، دەشڵێت، "بۆ کەرتی تایبەت ماوە تاوەکو خەڵکی لێدابمەزرێت."


کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان نووسیویشییەتی، "بێگومان ئێمە باش دەزانین لە هەموو دونیادا حکومەت هەلی کار دەرەخسێنێت نەک دامەزراندن، بەڵام ئاخر ھەلی کار لەکوێ؟ لە کام کەرتی تایبەت؟".

دەشڵێت، "کەرتی تایبەتیان کرد بە کەرتی حیزبی، ھەرچی کۆمپانیا و بازرگانی گەورە و مامناوەند ھەیە بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی قۆرخیانکردووە، کۆمپانیا و کەسابەتە بچوکەکانیش ئەوەندەیان باج و سەرانە لەسەر داناون ھەموویان یان ئیفلاسیان کرد و دایانخست، یان کارمەندەکانیان ئیزن داوە و خەریکە دایدەخەن، ئیتر چۆن هەلی کار دەرەخسێت بۆ گەنجان؟'.

کازم فاروق نووسیویشییەتی، "لە ھەموو دنیا حکومەت باج لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکو نەوت و ئۆتۆمبیل وەردەگرێت، یان ئەگەر بیانبەخشێت لە باج ئەوا دەبێت تەواوی قازانجی کۆمپانیاکان بکەنەوە بە پرۆژە و هەزارەها هەلی کاری دیکە بڕەخسێنن، هەروەها باجێکی کەم لە کۆمپانیاکانی تر وەردەگرێت بۆئەوەی ھانیان بدات ئیشی زیاتر بکەن و ھەلی کاری زیاتر برەخسێنن، بگرە زۆر جار هاوکاریشیان دەکات، بەڵام لێرە لای پارتی و یەکێتی رێك بە عەکسەوەیە."

باسی لەوەشکردووە، "کۆمپانیا گەورەکان هی کەرتی تایبەت نەماوە و بووە بە کەرتی حیزبی و یەک دینار باج نادەن و قازانجەکەش دەبەنە بانقەکانی دەرەوە، کۆمپانیا و کەسابەتە بچوکەکانیشان چەندین جۆر باج و سەرانەیان لەسەر داناون و زۆربەیان یان ئیفلاسیان کردووە یان لەسەر ئیفلاسبوونن."

لە کۆتاییشدا سەۆکی فراکسیۆنەکە دەپرسێت، "کەسێک نییە ئامۆژگارییەکیان بکات و تێیان بگەیەنێت کە ساڵانە زیاد لە ١٠٠ هەزار گەنجی نوێ دەبنە ١٨ ساڵ و ئەمانە کەسابەت و هەلی کاریان دەوێت، حکومەت پێنج بۆ ١٠ ساڵی تر چی دەکات کاتێک ملیۆن و نیوێک گەنجی بێکار و هەزاران بزنسیش ئیفلاسیان کردووە؟".

نوسیویشییەتی، "بەراستی دوای ٣٠ ساڵ فەشەل باشترین حەل دوورخستنەوەیانە لە دەسەڵات."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "مافی قوتابیان ئەوە نییە زانکۆی تەواو کرد داوای دامەزراندن بکات، بەڵکو دەبێت هەلیکار بڕەخسێنرێت بۆ قوتابیان نەک دامەزراندن لە حکومەتدا."