سەردێڕ:

پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری راگرتنی سەرجەم مەراسیم و کۆبوونەوەکانی دا

فۆتۆ: 
2021-02-23

24082 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نۆێی کۆرۆناوە لەمانگی ئازاردا رێگە بە کۆبوونەوە و قەرەباڵغی لەپارێزگای هەڵەبجە نادرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، کاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، یادەكانی مانگی ئازار بەرز رادەگیرێت، بەڵام رێگە بە كۆبوونەوە و قەرەباڵغی نادرێت، دەشڵێت، "ناوەندەكانی خوێندن لەژێر رێنمایی تەندروستی و خۆپارێزیەوە بەردەوامە، بەڵام لە ئێستادا باخچەكانی ساوایان ناكرێنەوە."

کاوە عەلی باسی لەوەشکرد، "بڕیاری دروستكردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە پارێزگاری ھەڵەبجە دراوە."

هاوکات، نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجە بەمیدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووە، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەپارێزگای هەڵەبجەدا بڕیاردرا کە، "هەموو گردبوونەوە و کۆبوونەوەیەک لەمانگی ئازاردا قەدەغەیە"، باسی لەوەشکردووە، "چاودێری سەرجەم شوێنە گشتییەکان و ناوەندەکانی خوێندن بەتایبەتی بکرێت و پێویستیشە ماسک ببەسترێت."

ئەمڕۆش بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی راگەیاند، سێ کەس بە گومانی توشبوونیان بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا پشکنینیان بۆ کراوە و چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەن.

لەلایەکی تریشەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا، تەندروستی هەولێر رایگەیاند، نۆ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە زنجیرەی نوێی کۆرۆنا، کە سەرجەمیان لە دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، تۆمارکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ەوە لە شاری وهانی چین، تا ئێستا لە عێراق زیاتر ٦٧١ هەزار و ٨٠١ کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار و ٢٩٥ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.