سەردێڕ:

هەسەدە کوژرانی سێ چەکداری سەر بە تورکیای لە عەین عیسا راگەیاند

فۆتۆ: 
2021-02-23

2071 جار خوێندراوەتەوە

هەسەدە لەبارەی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەرعەین عیسا، سەرێکانی و گوندەکانیان رایگەیاند، لەو شەڕ و پێکدادانەدا سێ چەکداری سەر بە ئەنقەرە کوژراون.


ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە هێرشەکانیان بۆ سەر گوندەکانی عەین عیسا و گوندەکانی گرێ سپی زیادکردووە، لە هێرشەکاندا بە تایبەتی گوندەکانی، حوریە، خۆشان، خالدیە و رێگای ئێم فۆر دەکرێنە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەڕڤانەکانیان لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانیاندا لە ناوچەکانی خۆشان و خالدیە شەڕ روویدا لە شەڕەکەدا سێ چەکدار کوژران و حەوت چەکداری دیکەش برینداربوون.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردبووەوە، کە هەسەدە داوایەکی هێزەکانی روسیای رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی گوند و ناوچەکانی سەر رێگەی  نێودەوڵەتی ناسراو بە ئێم فۆر رادەستی هێزەکانی تورکیا بکات، کە بە رێگایەکی ستراتێژی بۆ ئیدارەی خۆسەر دادەنرێت و ناوچەکانی قامیشلۆ و حەسەکە بە کۆبانێوە دەبەستێتەوە.