فۆتۆ:
2021-02-23
5326 جار خوێندراوەتەوە
مارت مەکاری، مامۆستای زانکۆی جۆنز هۆپکینز رێککەوتێکی دڵخۆشکەر دەخاتەڕوو بەوەی، کۆتایی هاتنی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا و زۆربەی وڵاتان رادەگەیەنێت و پێی وایە، "مانگی نیسانی داهاتوو ژیان ئاسایی دەبێتەوە".
مارت مەکاری، مامۆستای زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا بڵاویکردەوە، چاوەڕواندەکرێت ئەو پەتا جیهانییە لە ئەمریکا و زۆربەی وڵاتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە مانگی نیسانی داهاتوودا کاریگەری نەمێنێت و لەوانەیە بەرەو نەمان بچێت.
هاوکات، مامۆستایەکی تری کۆلێژی پزیشکی لە هەمان زانکۆ رایگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، حاڵەتەکانی توشبوون بە رێژەی ٧٧% کەمیکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، دەشێت ئەوانە ئاماژەیەك بن کە پەتای کۆرۆنا لە ئەمریکا و جیهان بەرەو کەمبوونەوەی بەرچاو بچێت و کۆتایی پێبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چین سەری هەڵدا و تاوەکو ناوەڕاست و کۆتاییەکانی مانگی ئازاری ساڵی رابردوو بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە، کە تاوەکو ئێستا ئەو ڤایرۆسە بووەتە هۆی توشبوونی زیاتر ١١٢ ملیۆن کەس و گیانلەدەستدانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس، هاوکات، زیاتر لە ٨٧ ملیۆن کەسیش پاش ئەوەی توشی ڤایرۆسەکە بوون؛ چاکبوونەتەوە.
لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە و تاوەکو بڵاوبوونەوەی بە تەواوی جیهاندا، کۆرۆنا کاریگەریی گەورەی لەسەر جیهان بەجێهێشت بە کەرەنتینکردنی وڵاتان و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و پەکخستنی جوڵەی بازرگانی و راگرتنی چالاکیەکان، کە بەشێوەیەکی گشتی کۆرۆنا بە قەیرانێک بۆ مرۆڤایەتی و جیهان وەسفدەکرا، لە کاتێکدا ژینگەناسان بە بەسود وەسفیان دەکرد، بەوەی کە کاریگەرییەکانی کۆرۆنا و کەمکردنەوەی جوڵەی مرۆڤەکان و گەشتەکان، بوونە هۆی پاککردنەوەی ژینگە.