سەردێڕ:

لە هەرێم توشبوون بە کۆرۆنا کەمیکردووە

فۆتۆ: 
2021-02-23

1182 جار خوێندراوەتەوە

ماوەیەکە، حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر جێگیرە.


بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ماوەی تەنها ٢٤ کاتژمێردا و لەپارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور (چوار هەزار و ١٨١) کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەکاتێکدا لەماوەی تەنها ٢٤ کاتژمێردا لە تەواوی هەر سێ پارێزگاکە و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان لە هەرێمی کوردستان ١٢٩) کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق باسی لەوەشکردووە، تەنیا ئەمڕۆ سێشەممە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق (١٦) کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم و هەردوو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان (٢) کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ، سێشممە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی راگەیاند، سێ کەس بە گومانی توشبوونیان بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا پشکنینیان بۆ کراوە و چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەن.

هاوکات، هەر دوو رۆژ لەمەوبەر، تەندروستی هەولێر رایگەیاند، نۆ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە زنجیرەی نوێی کۆرۆنا، کە سەرجەمیان لە دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، تۆمارکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ەوە لە شاری وهانی چین، تا ئێستا لە عێراق زیاتر ٦٧١ هەزار و ٨٠١ کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، هاوکات زیاتر لە ١٣ هەزار و ٢٩٥ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.