سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم باس لە دابینکردنی موچە دەکات

فۆتۆ: 
2021-02-23

9151 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، "حکومەت ھەموو ھەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم."


بەپێی راگەیەنراوی حکومەتی ھەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ پارێزگارەکاندا کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی کێشە و گرفتە کارگێڕی و داراییەکانی پارێزگاکان و پلانی حکومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢١ کرا.

ھاوکات، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەتی ھەرێم ھەموو ھەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم کە ئەرکێکی لە پێشینەی حکومەتە و لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە دراییەکانی ھەرێمی کوردستان."

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەو داھاتەی بەردەستە لە چوارچێوەی بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان."

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، پلانی حکومەتی ھەرێم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن بۆ ساڵی ٢٠٢١ پەسەندکران، کە بە داھاتی بەردەستی حکومەتی ھەرێم ئەنجام دەدرێت و کۆی گشتی گوژمەکە  ٣٤٩ ملیار و ٧٠٢ ملیۆن دینارە.

 

بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە:

پارێزگای سلێمانی :

١١٤,٣٥٠,٠٠٠,٠٠٠ سەد و چواردە ملیار  و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.

پارێزگای ھەڵەبجە :

٣٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ سی ملیار دینار .

پارێزگای ھەولێر :

٠٠٠ ,١٢٨,٣٥٢,٠٠٠ سەدو بیست و ھەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.

پارێزگای دھۆک :

٧٧,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ حەفتا و حەفت ملیار دینار .

کۆی گشتی: ٣٤٩,٧٠٢,٠٠٠,٠٠٠ سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دوو ملیۆن دینار.