سەردێڕ:

وەزیرى پەروەردە: دۆخەکە مەترسیدار نییە تا بڕیار لەسەر داخستنى ناوەندەکانى خوێندن بدرێت

فۆتۆ: 
2021-02-23

103140 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، سێ قوتابخانە و چەندین پۆل کەرەنتین کراون بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە، بەڵام هێشتا دۆخەکە مەترسیدارنییە تا بڕیار لەسەر داخستنى ناوەندەکانى خوێندن بدرێت.


ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردەی هەرێم بە تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى راگەیاندووە، "لەناو ناوەندەکان توشبوون بە کۆرۆنا هەبووە، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنى تەندروستى رێژەیەکى مەترسیدار نییە تا ناوەندەکان دابخرێن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەموو رۆژانێکى پێنجشەممە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەین، بەپێی دوا ئامارەکان، تا ئێستا سێ قوتابخانە و چەندین پۆل کەرەنتین کراون."

ئالان حەمە سەعید دەشڵێت، "دەسەڵات دراوەتە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بۆ هەر بڕیارێک لە دۆخى ناکاودا، ئەگەر بیانەوێت خوێندن بەردەوام بێت دەبێت بە خۆپارێزییەوە بێت."

وەزیرى پەروەردە راشیگەیاند، لەبارەى پشووەکانەوە تەنها سێ رۆژى نەورۆز، سێ رۆژى جەژنى رەمەزان پشوون و پشووى بەهارە وەستاوە.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە و بڕیاردرا، دەوامی خوێندنگاکان بەردەوام بێت و پێویستیشە مامۆستایان و خوێندکاران پابەندی ڕێنمایییە خۆپارێزییەکان بن.