سەردێڕ:

راوێژکارێکی مەسعود بارزانی: شتێک نییه‌ به ‌ناو‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق

فۆتۆ: 
2021-02-23

6038 جار خوێندراوەتەوە

دوای هێرشە موشەكییەكەی شەوی رابردووی ناوچەی سەوزی بەغدا راوێژکارێکی سەرۆکی پارتی رایگەیاند، ئەو لایەنەی بە شێوەی بەردەوام ناوچەی سەوز موشەكباران دەكات، لە هەموو دەسەڵات و حزبەكانی عێراق و خودی دەوڵەتیش بەهێزترە، دەشڵێت، "ئەم هێرشانە دەیسەلمێنن لە عێراقدا شتێک نییە بە ناوی دەوڵەت."


مەسعود حەیدەر راوێژکاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە تویتەر بڵاویكردەوە، "حكومەتی عێراق بە هەموو دەزگا ئاسایشی و بەرگرییەكانیەوە، بە هەموو حزب و سەركردەكانیەوە ناتوانێت بەر بەو هێرشە موشەكییانە بگرێت، كە لەلایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانەوە دەكرێنە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا."

مەسعود حەیدەر ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەم هێرشە موشەكییانە نەبوونی دەوڵەتی بە شێوەیەكی رەها لە عێراقدا سەلماندووە."

راوێژکارەکەی مەسعود بارزانی دەشپرسێت، "دەبێت چ هێزێک لە پشت ئەم هێرشە موشەكیانەوە بێت، كە لە هەموو دەسەڵاتەكان و حزبەكانی ناو عێراق و خودی دەوڵەتی عێراقیش بەهێزترە؟"

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا، چەندجارێک موشەکی جۆراوجۆر ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغداکراوە و شەوی رابردووش، بەپێی راگەیەنراوی شانەی ئەمنی عێراق، دوو موشەک لە ناوچەی سەوزی بەغدا كەوتوونەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ قوربانییەکی لێبکەوێتەوە.

شەوى دووشەممەی هەفتەی رابردووش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەى هەولێری پایتەختی ھەرێم کران و بەهۆیانەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و چەند کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکی بوون، ھاوکات، دوێنێش یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.

مەسعود حەیدەر؛ پەرلەمانتارى خولى سێیەمى پەرلەمانى عێراق بوو لەسەر فراکسیۆنى گۆڕان، بەڵام دواتر و لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ وەکو ئەندامی شاندى دانوستانکارى پارتى بۆ کاندیدى سەرۆککۆمارى عێراق سەردانی بەغدای کرد و لە ساڵی ٢٠١٩شەوە وەک راوێژکاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەستبەکاربووە.